هۆزان جانێ: هیوادارم هەولێر مافی من وەربگرێتەوە

هۆزان جانێ
هۆزان جانێ

K24 - هەولێر:

هونەرمەند هۆزان جانێ، لە تویتێکدا سەبارەت بە سکاڵایەکی یاسایی کە لەدژی کەسێکی دیکە لە دادگا تۆماری کردبوو، گوتی: هیوادارم هەولێر مافی من وەربگرێتەوە.

هونەرمەند، هۆزان جانێ لە تویتێکدا رایگەیاند، "سبەی دادگایی من و ئەم دزەیە، هیوادارم یاسا و دادپەروەری بەرقەرار بن و هەولێر مافی من وەربگرێتەوە".

هۆزان جانێ ساڵێک لەمەوبەر لە هەڤپەیڤینێکدا لەگەڵ کوردستان24، گوتی: هاتوومەتە هەرێمی کوردستان بۆ ئەوەی ئەو کەسە بدەمە دادگا کە ئەو کاتەی من لە زیندان بووم بەناوی منەوە گۆرانی دەوت.

ساڵی رابردوو، ئەو کەسەی خۆی بە 'جانێ حەیران' ناساندبوو، لەسەر سکاڵای یاسایی هۆزان جانێ دەستگیرکرا.

خانمە هونەرمەند، هۆزان جانێ ساڵی 1971 لە باکووری کوردستان لەدایکبووە و دانیشتووی وڵاتی ئەڵمانیایە، یه‌كێكه‌ له‌ هونه‌رمه‌نده‌ دیارەکانی کورد و لەسەر ئاستی نێودەوڵەتیش چەند جارێک خەڵات کراوە.