هاکپار داوای فیدراڵی بۆ تورکیا دەکات و جەهەپە زۆرترین کوردی کاندیدکردووە
"پیاز یان ئۆتۆمبێلی تۆگ"
K24 – هەولێر:
دوای کۆتاییهاتنی وادەی پێشکەشکردنی لیستی کاندیدان بۆ هەڵبژاردنی پەرلەمانی تورکیا، بانگەشەی هێز و هاوپەیمانییەتە بەشداربووەکانی هەڵبژاردن چووە قۆناغێکی نوێ و بەگوێرەی ژمارەکانیش لەم هەڵبژاردنەدا کورد کاندیدی کەمتری هەیە لە چاو هەڵبژاردنی پێشوو.
هەرچەندە بەپێی راپرسییە جەماوەرییەکان، پارتی چەپی سەوز کە نوێنەرایەتی هەدەپە دەکات، لە ناوچەکانی باکووری کوردستان دەنگی یەکەم بەدەستدەهێنێت، بەڵام بەهۆی هاوپەیمانییەتی لەگەڵ لایەنە چەپەکان و کاندیدکردنی ژمارەیەکی کەمتری کورد بۆ ئەم هەڵبژاردنە، چاوەرێ دەکرێت هاکپار، رێژەیەکی بەرچاو لە دەنگی کوردانی باکووری کوردستان ببات کە لە بانگەشەی هەڵبژاردندا داوای چەسپاندنی سیستمی فیدراڵی بۆ تورکیا دەکات.
هاکپار داوای سیستمی فیدراڵی بۆ تورکیا دەکات
پارتی ماف و ئازادییەکان (هاکپار) لە بانگەشەی هەڵبژاردنی لیستەکەی بۆ هەڵبژاردنەکانی 14ـی ئایار، داوای پەیڕەوکردنی سیستمی فیدراڵی بۆ تورکیا دەکات و بە کلیلی چارەسەرکردنی کێشەی کورد لە تورکیا دادەنێت.
لە راگەیەندراوێکدا، هاکپار بە فەرمی رایگەیاند، کە پشتگیری لە هیچ یەکێک لە چوار کاندیدەکەی تورکیا ناکات و ئاماژەی بەوەکردووەم بەهۆی ئەوەی تورکیا وڵاتێکی فرە نەتەوە، زمان و کلتوورە، بۆیە دەبێت تورکیا بە سیستمێکی فیدراڵی وەک ئەمەریکا، ئەڵمانیا، رووسیا، بەلجیکا، کەنەدا، سویسرا، نەمسا، هیندستان و باشووری ئەفریقیا بەڕێوەبچێت.
لەبارەی مافەکانی کوردیشەوە، هاکپار رەخنەی لە دەستووری ئەو وڵاتە گرتووە، کە لە دامەزراندنی تورکیای نوێوە لەسەر پاشماوەی دەوڵەتی عوسمانی بە هەمان شێوە تەنیا لەسەر بنەمای یەک ئاڵا، یەک زمان و نەتەوە دامەزراوە و هیچ دەرفەت و ئازادییەکانی بۆ کورد و پێکهاتەکانی دیکە نەهێشتووەتەوە و داوای گۆڕنکاری دەکات.
هاکپار لیستی کاندیدەکانی بڵاوکردەوە کە لە 87 بازنەی هەڵبژاردندا بەشداری لە هەڵبژاردنی پەرلەمانی تورکیا دەکات و جارێکی دیکە جەختی لەسەر داواکاری پێشووی کردووەتەوە کە هەموو هێزە کوردییەکان و دەنگدەرانی کورد لە باکووری کوردستان و تورکیا دەنگ بە کاندیدانی هاکپار بدەن.
پارتی چەپی سەوز چاوی لە دەنگی یەکەمی ئامادە
پارتی چەپی سەوز کە خۆی لە نوێنەرایەتی هەدەپە دەبینێتەوە، چاوەڕێ دەکرێت هەمان ئەو رێژەی دەنگەی لە هەڵبژاردنی پێشوودا هەدەپە بەدەستی هێنا، لەلایەن دەنگدەرانی باکووری کوردستانەوە بۆی بخرێتە سندووقەکانی دەنگدانەوە.
لیستی کاندیدانی پارتی چەپی سەوزی لە ئامەد بە یەکێک لە لیستە بەهێزەکانی هەڵبژاردن دادەنرێت بەتایبەتی بەدران ئۆزتورک و جەنگیز چاندار کاندیدی ئەو لیستەن
چاودێرانی سیاسی ئاماژە بەوەدەکەن، ئەو دەنگدەرە کوردانەی کە پێشتر دەنگیان بە هەدەپە داوە جارێکی دیکە لەم هەڵبژاردنە دەنگ بە پارتی چەپی سەوز دەدەنەوە بەڵام دووریش نییە ئەو کورانەی رەخنە لە کەمی ژمارەی کاندیدانی کورد لەسەر لیستی پارتی چەپی سەوز دەگرنم دەنگ بە کاندیدە کوردەکانی هاکپار بدەن.
لەم هەڵبژاردنەدا کورد کاندیدی کەمتری هەیە
بەگوێرەی لیستی کاندیدەکان کە پێشکەش بە کۆمیسیۆنی بەڵای هەڵبژاردنەکانی تورکیا کراوە، لە چاو هەڵبژاردنەکانی پێشوودا، جەهەیە کاندیدکردنی کوردی زیادکردووە و ئاکپارتی و پارتی چەپی سەوز و هەدەپەش کاندیدی کوردیان کەمتر دیاریکردووە.
ئاکپارتی و هەپەدەپە بەهۆی ئەو هاوپەیمانییەتەی هەیانە لەگەڵ پارتەکانی دیکە، هەروەها بۆ زیاتر کۆکردنەوەی دەنگەکان بۆ کاندیدێک و زیاتر مسۆگەرکردنی دەرچوونیان، لەچاو هەڵبژاردنی 2018ـدا کاندیدی کوردیان کەمتر لە بازنەکانی هەڵبژاردندا کاندید کردووە، لە کاتێکدا ئیی پارتی کە هەمیشە هەڵوێستی توند بووە بەرامبەر جوڵانەوە سیاسییەکانی کورد لە تورکیا، چوار کاندیدی کوردی هەیە بۆ هەڵبژاردنی پەرلەمانی تورکیا.
نیوەی پەرلەمانتارانی تورکیا لەم هەڵبژاردنە کاندیدنین
هێز و لایەنە سیاسییەکانی تورکیا بۆ هەڵبژاردنی ئەمجارەی پەرلەمانی وڵاتەکەیان پەنایان بۆ دەموچاوی نوێ بردووە و بەگوێرەی لیستی کاندیدانی هێزە دەسەڵاتدار و ئۆپۆزیسیۆنەکان کە پێشکەش بە کۆمیسیۆنی هەڵبژاردنەکانی تورکیا کراوە، نزیکەی نیوەی پەرلەمانتارانی خولی ئێستا پەرلەمانی تورکیا جارێکی دیکە کاندیدنەکراونەتەوە.
ئامارەکان ئەوەیان دەرخستووە، ئاکپارتی دەسەڵاتدار 181 پەرلەمانتاری کاندیدنەکردووەتەوە، جەهەپە 67 ئەندام و هەدەپە 33 ئەندامی پەرلەمانی بۆ هەڵبژاردنی مانگی ئایاری داهاتوو، کاندید نەکردووەتەوە.
پیاز یان ئۆتۆمبێلی تۆگ
دوای راگەیاندنی دروستکردنی یەکەم ئۆتۆمبێلی کارەبایی تورکی (TOGG) لەلایەن ئەردۆغانەوە وەک بانگەشەی هەڵبژاردن، کەمال کڵچدارئۆغڵو لە پارچە ڤیدیۆیەک پیاز و پەتاتەیەک بەدەستییەوە دەگرێت وەک ئاماژەیەک بۆ گرانی نرخی خواردەمەنی و کەلوپەل لە بازاڕەکانی تورکیا.
پرسی ئابووری بووەتە بابەتی سەرەکی بانگەشەی هەڵبژاردن و چەکی بەهێزی ئۆپۆزسیۆنە دژ بە دەسەڵاتی 20 ساڵەی ئاکپارتی کاتێکدا رێژەی بێکاری لە تورکیا بەگوێرەی دوایین ئاماری دەستەی ئاماری ئەو وڵاتە بۆ 10% بەرزبووەتەوە، بۆیە دوای پەیامەکەی کڵچدارئۆغڵو، یەکێک لە پەیامەکانی چاودێرانی سیاسی بۆ پێناسەکردنی رکابەری نێوان هەردوو کاندیدی سەرۆکایەتی کۆماری تورکیا، دەڵێن، هاووڵاتییان بڕیاردەدەن لەسەر سندووقەکانی دەنگدان ئایا نرخی پیاز و پەتاتە گرنگترە یان دروستکردنی ئۆتۆمبێلی تۆگ.
کۆڕۆنا و بوومەلەرزە دوو قەیران بەرۆکی ئەردۆغانیان گرتووە
هەرچەندە پرسی بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی کۆڕۆنا پەتایەکی جیهانی بوو، کە لێکەوتەکانی لەسەر دۆخی ئابووری وڵاتانی جیهان گشتگیربوو. لەگەڵ ئەوەشدا، لەگەڵ ئەو دۆخە ئابوورییەی لە تورکیا هەبوو، کاریگەرییەکی زۆری لەسەر هاووڵاتییان دروستکرد و خەرجییەکی زۆریشی خستە سەر ئەستۆی حکومەتی تورکیا.
بەگوێرەی دوایین ئاماری رێکخراوی تەندروستی جیهانی، زیاتر لە 17 ملیۆن حاڵەتی پشتڕاستکراوەی تووشبوون بە کۆرۆنا تۆمارکراوە کە 101 هەزار 419 کەسیش گیانیان لەدەستداوە لە سەرتاسەری تورکیا.
بەڵا بوومەلەرزەکەی 6ـی شوباتی 2023 کە لە 11 شاری تورکیا روویدا، بووە هۆی گیانلەدەستدانی 50 هەزار و 399 کەس و زیاتر لە 107 هەزار کەسیش بریندرابوون. لەگەڵ ئەوەشدا، 15 ملیۆن و 73 هەزار کەس زیانیان پێگەیشت و چوار ملیۆن باڵەخانەش رووخان یاخود زیانیان پێگەیشتووە.
دەرهاویشتەکانی ئەو دوو کارەساتە کە لەماوەی سێ ساڵی رابردوو، رووبەڕووی دەسەڵاتەکەی ئەردۆغان بووەوە لە تورکیا، کاریگەری راستەوخۆی لەسەر ئابووری و گوزەرانی هاووڵاتییان هەیە کە ئەمەش راستەوخۆ دەبێتە هۆی ئەوەی هاووڵاتییانی تورکیا لەسەر سندووقەکانی دەنگدان جیاواز لە هەڵبژاردنەکانی دیکە، لەپێناو گۆڕینی ژیانیان هەوڵ بۆ گۆڕینی ئەردۆغان بدەن لەبری مانەوەی لە دەسەڵاتدا.
ئەردۆغان لە گەورەترین قەیرانی 20 ساڵی دەسەڵاتیدایە
بەڕێوەبردنی ئابووریی تورکیا لەماوەی دەسەڵاتی ئەردۆغاندا چەندین قۆناغی لەخۆی گرتووە، هەرچەندە دۆسیەی ئابووری یەکێک بوو لە هۆکارە سەرەکییەکانی سەرکەوتن و بوونە هێزی یەکەم لە تورکیا بۆ ئاکپارتی، بەڵام پێدەچێت هەر بەهۆی ئەو سیاسەتە ئابوورییەی لەماوەی چەند ساڵی رابردوو لەلایەن ئەردۆغانەوە پەیڕەوکرا، ببێتە هۆی شکستێکی مێژوویی بۆ ئەردۆغان و پارتەکەی.
هەرچەندە لە سەرەتای هاتنەپێشەوەی ئاکپارتی بۆ دەسەڵات و بەهێزکردنی ئابووری وڵات لەڕێگەی بنیاتنانی ژێرخانێکی ئابووری فراوان و پێدانەوەی قەرزە کەڵەکەبووەکان، بەڵام لەم ساڵانەی دواییدا بەهۆی پەیڕەوکردنی سیستەمی دراویی نوێ بۆ کەمکردنەوەی سوودی بانکی لەلایەن ئەردۆغانەوە، رێژەی هەڵئاوسانی لە تورکیا گەیاندە ئاستێکی مێژوویی و لە ماوەی 24 ساڵی رابردووە بەرزرین ئاستی پێوانەیی تۆمارکرد، بەجۆرێک لە چارەگی کۆتایی ساڵی 2022ــدا گەیستە 85% بەڵام ئێستا بۆ 55% دابەزیوە.
هەروەها لیرەی تورکی لە ساڵی 2021ـەوە 60٪ بەهاکەی لەبەرامبەر دۆلار لەدەستداوە کە ئەمەش بەرزبوونەوەی نرخی کاڵا و پێداویستییەکانی رۆژانەی هاووڵاتییانی تورکیای بەدوای خۆیدا هێنا و گوزەرانی ئەو خەڵکەی ئاستی ئابوورییان بەهێزنەبوو، بەتایبەتی هەژاران و ئەوانەی لەخوار چینی ناوەڕاستی کۆمەڵگەن لەرووی ئابوورییەوە، زۆر زەحمەتکرد.
14ـی ئایار هەڵبژاردنە لە تورکیا
رۆژی ههینی (10ـی ئادار/مارسی 2023)، رهجهب تهیب ئهردۆغان، سهرۆك كۆماری توركیا له كۆشكی كۆماری له ئهنقهره، واژووی لهسهر مهرسومی كۆماری بۆ ئهنجامدانی ههڵبژاردن له رۆژی (14ـی ئایار/مایۆی 2023) كرد.
وابڕیار بوو رۆژی 18ـی حوزهیران/یۆنیۆی 2023، ههڵبژاردنهكان له توركیا ئهنجامبدرێن، سهبارهت به گۆڕینی وادهی ههڵبژاردنهكانیش، ئهردۆغان ئاماژهی بهوهكرد، ئهمه ههڵبژاردنی پێشوهخته نییه، بهڵكو تهنیا گۆڕینی وادهی ههڵبژاردنه و هۆكارهكهشی بۆ لهبهرچاوگرتنی وادهی تاقیكردنهوهكان له ناوهندهكانی خوێندنی وڵاتهكهی گهڕاندهوه.