نەتەوەیەکگرتووەکان: تائێستا 8490 هاووڵاتی مەدەنی لە ئۆکرانیا کوژراون

K24 - هەولێر:

نەتەوەیەکگرتووەکان ئاماری قوربانییە مەدەنییەکانی جەنگی ئۆکرانیای بڵاوکردەوە کە زیاتر لە هەشت هەزار کەس کوژراون و زیاتر لە 14 هەزار کەسی دیکەش برینداربوون.

نووسینگەی کۆمیسیاری باڵای نەتەوەیەکگرتووەکان بۆ کاروباری پەناهەندەکان ئەمڕۆ (سێشەممە 11ـی نیسان/ ئێپڕڵی 2023) رایگەیاند، لەوەتەی هەڵگیرسانی جەنگی نێوان ئۆکرانیا - رووسیا لە 24ـی شوباتی 2022 تاوکو 9ـی نیسانی 2023، ژمارەی ئەو هاووڵاتییانەی کوژراون و تۆمارکراون گەیشتووەتە هەشت هەزار و 490 کەس، هاوکات 14 هەزار و 244 کەسیش برینداربوونە.

نووسینگەی کۆمیسیاری باڵای نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ کاروباری پەناهەندەکان ئاماژەی بەوە کردووە، زۆربەی قوربانییەکان دانیشتووانی ناوچەکانی ژێر دەسەڵاتی ئۆکرانیان کە لەلایەن سوپای رووسیاوە رووبەڕووی هێرش بوونەتەوە، هاوکات سێ هەزار 927 کەسیش لە دانیشتووانی هەردوو ناوچە و هەرێمی دۆنێتسیک و لۆگانسکین وەک دوو ناوچە کە شەڕی سەختییان لێ روودەدات.

بەگوێرەی ئامارەکانی نەتەوەیەکگرتووەکان ژمارەی راستەقینەی کوژراوان و قوربانییەکان لە ئۆکرانیا زۆر لەوە زیاترە کە بڵاویان کردووەتەوە، لەو بڕوایەدان هەزاران قوربانی دیکە هێشتا تۆمارنەکراون و پێویستییان بە لێکۆڵینەوە هەیە، کە بەهۆی بەردەوامی شەڕ لە چەندین ناوچەدا زانیاری وردییان بەدەست نەگەیشتووە.