ئەردۆغان لە دیاربەکر: قەندیل پشتیوانی لە کڵچدارئۆغڵو دەکات
K24 – هەولێر:
سەرۆک کۆماری تورکیا لەمیانی رێورەسمی رادەستکردنی هەزار و 432 یەکەی نیشتەجێبوون و 17 شوێنیکار بە زیانلێکەوتووانی بوومەلەرزەکانی شەشی شوبات لە شاری دیاربەکری باکووری کوردستان، گوتارێکی پێشکەشکرد بە مەبەستی کۆکردنەوەی دەنگ بۆ هەڵبژاردنەکانی 14ـی ئایار.
رەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆک کۆماری تورکیا و سەرۆکی پارتی داد و گەشەپێدان (ئاکپارتی) لە گوتارەکەیدا هێرشیکردە سەر پەکەکە و بەوە تۆمەتباری کرد کە پشتوانی لە کەمال کلیچدارئۆغڵو، کاندیدی پارتی گەلی کۆماری (جەهەپە) و هاوپەیمانی میللـەت دەکات بۆ سەرۆکایەتی تورکیا و گوتی، قەندیل دەیەوێت دەست بەسەر پڕۆسەی هەڵبژاردنەکانی تورکیادا بگرێت، بەڵام "ئێمە با بەیەکەوە لە رۆژی 14ـی ئایاردا وانەیەکی مێژووییان پێ بدەین، کە هەرگیز وانەی لەم شێوەیان پێ نەدرابێت."
ئەردۆغان هەروەها لە بەشێکی تری گوتارەکەیدا ئاماژەی بەوە کرد، "پەکەکە رۆڵە و منداڵەکان دەڕفێنێت و دایکان جەرگسووتاو دەکات و شارەکان تێکدەدا و هەموو جووڵە و کردەوەیەکی دژ بە تورکیا و هاووڵاتییانیەتی و بۆ بەرژەوەندی جیاواز کار دەکات، بەڵام بانگەشەی دڵسۆزی دەکات".
ئەردۆغان گوتیشی، "ئامانجی بەردەوامی ئێمە بریتییە لە پاراستنی دیاربەکر بە پێچەوانەی ئەوانەی لە دژی ئەوانەی هاریکاری تیرۆریستان دەکەن".
ئەردۆغان (جەهەپە)ـی لە هێرشەکانی بێبەش نەکرد و رایگەیاند، جەهەپە ئەو پارتەیە کە زۆرترین ستەمی لە گەلی تورکیا و کورد کردووە، کەچی قەندیل دێ لە رێگەی هەڵبژاردنەکانەوە پشتوانی دەکات، لە کاتێکدا ئێمە بەرژەوەندی کورد و هەموو تورکیامان لە پێش هەموو شتێکەوە داناوە.
ئەدۆغان زیاتر گوتی، "لە قەندیلەوە پشتگیری و رێنوینیی کەماڵ کڵچدارئۆغڵو دەکرێت ، بەم شێوەیەش دەیانەوێت کورد لەخشت بەرن. جەهەپە وەکو نوێنەری قۆناغی فاشیزمی تاک پارتایەتی زۆرترین ستەمی بەرامبەر بە دیاربەکر و کورد ئەنجامداوە. ئێستا پەکەکە لەتەک شەش لایەنەکە وەکو لایەنێکی دیکە دانراوە. رێگە نادەین پەکەکە و فەتۆ و رێکخراوە تیرۆریستییەکان لە تورکیا ئاراستەی سیاسەت بکەن. ئەگەر لە خەمی کورد دان و دەیانەوێت مافی کورد بچەسپێت، پێویستە چەک دابنێن و ببن بە بەشێکی دانەبڕاو و ئایندەی هاوبەشی وڵاتەکەمان، بەڵام ئەمەیان نەکرد. درێژکراوەکانیشیان کە لەژێر ناوی پارتی سیاسییەوە کار دەکەن هەر هەمان شتن".
هەروەها ئەرۆغان لەمیانی ساردانەکەی بۆ دیاربەکر، مزگەوتی سەڵاحەددینی ئەییوبی کردەوە کە 25 ھەزار کەس دەتوانێت پێکەوە خواپەرستی تیادا ئەنجام بدەن کە ماوەی شەش ساڵی خایاندووە.
رۆژی ههینی (10ـی ئادار/مارسی 2023)، رهجهب تهیب ئهردۆغان، سهرۆك كۆماری توركیا له كۆشكی كۆماری له ئهنقهره، واژووی لهسهر مهرسومی كۆماری بۆ ئهنجامدانی ههڵبژاردن له رۆژی (14ـی ئایار/مایۆی 2023) كرد.