لاڤرۆڤ هۆشداری دەدا لە کردنەوەی دوو بەرەی نوێی جەنگ دژ بە وڵاتەکەی

K24 – هەولێر:
جەنگی نێوان رووسیا و ئۆکرانیا زیاتر لە ساڵێکە بەردەوامی هەیە و بەهۆیەوە هەزاران قوربانی لە هەردوولا لێ کەوتووەتەوە و لە ئێستاشدا هیچ ئاماژەیەک بۆ راگرتنی ئەو جەنگە لە ئارادا نییە، بەرپرسێکی باڵای رووسیا رایدەگەیەنێت، مۆسکۆ بە وردی دەڕوانێتە هەوڵ و پلانە سەربازی، سیاسیی و دیپلۆماسییەکانی رۆژئاوا بەمەبەستی کردنەوەی بەرەی نوێی جەنگ دژ بە رووسیا.
ئەمڕۆ (هەینی 14ـی نیسان/ ئێپڕڵی 2023) سێرگی لاڤرۆڤ، وەزیری دەرەوەی رووسیا لەمیانی سەردانێکدا بۆ ئۆزبەکستان رایگەیاند، رۆژئاوا لە هەوڵدایە و پلانی داناوە بۆ کردنەوەی دوو بەرەی دیکەی جەنگ دژ بە رووسیا لە جۆرجیا و مۆڵدۆڤیا، بەڵام بەرپرسانی جۆرجیا بەرپرسانە لەگەڵ ئەم هەوڵ و پلانانە مامەڵە دەکەن و رەتیدەکەنەوە.
هەروەها وەزیری دەرەوەی رووسیا ئاماژەی بەوە کرد، پۆڵەندا یەکەیەکی سەربازی لەسەر سنووری بیلاڕووسیا بڵاوکردووەتەوە، ئەمەش پێشهاتێکە کە نابێت چاوپۆشی لێبکرێت.
نووسینگەی کۆمیسیاری باڵای نەتەوەیەکگرتووەکان بۆ کاروباری پەناهەندەکان رۆژی (سێشەممە 11ـی نیسان/ ئێپڕڵی 2023) رایگەیاند، لەوەتەی هەڵگیرسانی جەنگی نێوان ئۆکرانیا - رووسیا لە 24ـی شوباتی 2022 تاوکو 9ـی نیسانی 2023، ژمارەی ئەو هاووڵاتییانەی کوژراون و تۆمارکراون گەیشتووەتە هەشت هەزار و 490 کەس، هاوکات 14 هەزار و 244 کەسیش برینداربوونە.
نووسینگەی کۆمیسیاری باڵای نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ کاروباری پەناهەندەکان ئاماژەی بەوە کردووە، زۆربەی قوربانییەکان دانیشتووانی ناوچەکانی ژێر دەسەڵاتی ئۆکرانیان کە لەلایەن سوپای رووسیاوە رووبەڕووی هێرش بوونەتەوە، هاوکات سێ هەزار 927 کەسیش لە دانیشتووانی هەردوو ناوچە و هەرێمی دۆنێتسیک و لۆگانسکین وەک دوو ناوچە کە شەڕی سەختییان لێ روودەدات.