یەکێتی ئەوروپا گرووپی ڤاگنەری رووسی خستە لیستی سزاکانییەوە

ئاڵای یەکێتی ئەوروپا | وێنە:  Wikimedia Foundation
ئاڵای یەکێتی ئەوروپا | وێنە: Wikimedia Foundation

K24 - هەولێر:

یەکێتی ئەوروپا هەریەک لە کۆمپانیای ئەمنیی گرووپی ڤاکنەری رووسی و دەزگای مێدیایی "RIA FAN"ی رووسی خستە لیستی سزاکانییەوە.

لەمبارەیەوە یەکێتی ئەوروپا راگەیەندراوێکی بڵاوکردووەتەوە و تیایدا ئەوە خراوەتەڕوو، هەریەک لە گرووپی ڤاگنەر و "RIA FAN" بەهۆی هەڕەشەیان بۆسەر یەکپارچەیی، سەروەریی و سەربەخۆیی خاکی ئۆکرانیا خراونەتە لیستی سزاکانی یەکێتییەکەوە.

هەر لە راگەیەندراوەکەدا ئاماژە بەوەشکراوە، یەکێتی ئەورووپا لە 25ی شوباتدا 11 کەس و حەوت دەزگای پەیوەندیدار بە گرووپی ڤاگنەری خستووەتە لیستی سزاکانییەوە، ئاماژە بەوەش دراوە، ئەو گرووپە بە شێوەیەکی چالاک بەشداریی هێرشەکانی رووسیای بۆسەر ئۆکرانیا کردووە و سەرکردایەتی پەلامارەکانی سەر سۆلێدار و باخموتی کردووە.

ئەوەش خراوەتەڕوو، سەرمەیاداری رووس، یەڤگێنی پریگۆجین لەپاڵ دابینکردنی پشتیوانی دارایی بۆ گرووپی ڤاکنەر، هاوکات سەرۆکی دەستەی بەڕێوەبردی دەزگای مێدیایی "RIA FAN"شە، ئەم دەزگایەش ئاژانسێکی هەواڵە کە لە بەرژەوەندی حکوومەتی رووسیا پڕوپاگەندە و زانیاری ناڕاست بڵاودەکاتەوە.

بەم شێوەیەش ژمارەی ئەو کەسانەی ئەنجوومەنی یەکێتی ئەوروپا بەهۆی جەنگی ئۆکرانیاوە خستوویەتییە لیستی سزادانی رووسیاوە گەیشتووەتە هەزار و 473 کەس و ژمارەی دەزگاکانیش گەیشتووەتە 207 دەزگا.

سزاکانی یەکێتی ئەوروپا هەریەک لە قەدەغەی گەشتکردن بۆ وڵاتانی یەکێتییەکە، بلۆککردنی سامان و قەدەغەکردنی پێدانی سندووقی هاوکاری، لەخۆدەگرێت.