ئاسایشی هەولێر تۆمەتبارێکی دیکە دەستگیردەکات کە هێرشی کردبووە سەر هاووڵاتییەک
K24 – هەولێر:
بەڕێوەبەرایەتی ئاسایشی هەولێر لە راگەیەندراوێکدا ئاشکرایکرد، تۆمەتباری دووەم لەو کەسانەی بەهۆی کێشەیەکی کۆمەڵایەتی هێرشیان کردبووە سەر هاووڵاتییەک دەستگیکرا.
ئەمڕۆ یەکشەممە (16ـی نیسان/ئێپڕڵی 2023)، بەڕێوەبەرایەتی ئاسایشی هەولێر رایگەیاند، دوای ئەوەی دوێنێ هاووڵاتییەک لە کۆنفرانشیکی رۆژنامەوانیدا ئاشکرایکرد، بەهۆی کێشەیەکی کۆمەڵایەتییەوە لە لایەن چەند کەسێکەوە هێرش کراوەتە سەری و لێیان داوە و هەڕەشەی کوشتنیان لێ کردووە، ئەمڕۆ تیمەکانیان توانییان تۆمەتباری دووەم بەناوی (ك) دەستگیر بکەن و لێکۆڵینەوە و بەدواداچوونی زیاتریش لەو بارەوە بەردەوامیی دەبێت.
لە راگەیەندراوەکەدا ئاسایشی هەولێر، جەخت لەسەر پاراستنی سەروماڵی هاووڵاتییان و ئاسایش و ئارامیی شاری هەولێر دەکاتەوەو و بەزاندنیان لە لایەن هەرکەس و گرووپێکەوە بە هێڵی سوورە وەسفدەکات و رایگەیاندووە، "تۆمەتباران و تاوانباران لە هەر شوێنێک بن دەستگیر دەکرێن و راپێچی بەردەم دادگایان دەکەین".
دەقی راگەیەندراوەکەی بەڕێوەبەرایەتیی ئاسایشی هەولێر
دوابەدوای ئەوەی رۆژی شەممە 15ی نیسانی 2023 هاووڵاتییەک لە شاری هەولێر لە پرێسکۆنفڕانسێکدا ئاشکرایکرد، بەهۆی کێشەیەکی کۆمەڵایەتییەوە لە لایەن چەند کەسێکەوە هێرش کراوەتە سەری و لێیان داوە و هەڕەشەی کوشتنیان لێ کردووە، دەستبەجێ تیمەکانمان لە بەڕێوەبەرایەتیی ئاسایشی هەولێر دەستیان بە لێکۆڵینەوە لەو بارەوە کرد ئەمڕۆ یەکشەممە تیمەکانمان توانییان تۆمەتباری دووەم بەناوی (ك) دەستگیر بکەن و لێکۆڵینەوە و بەدواداچوونی زیاتریش لەو بارەوە بەردەوامیی دەبێت.
هاووڵاتییانی بەڕێز و هاوشارییانی خۆشەویست دڵنیا دەکەینەوە، پاراستنی سەروماڵی هاوشارییان و ئاسایش و ئارامیی شاری هەولێر ئەرکێکە و بەزاندنیان لە لایەن هەرکەس و گرووپێکەوە بێت هێڵی سوورە و تۆمەتباران و تاوانباران لە هەر شوێنێک بن دەستگیر دەکرێن و ڕاپێچی بەردەم دادگایان دەکەین.
بەڕێوەبەرایەتیی ئاسایشی هەولێر
16ی نیسانی 2023