سەرۆکی سووریا پێشوازی لە وەزیری دەرەوەی سعوودیە دەکات

سەرۆکی سووریا و وەزیری دەرەوەی سعوودیە
سەرۆکی سووریا و وەزیری دەرەوەی سعوودیە

K24 – هەولێر:

لە دیمەشق بەشار ئەسەد سەرۆکی سووریا پێشوازی لە وەزیری دەرەوەی سعوودیە کرد دوای ئەوەی بە سەردانێکی فەرمی گەیشتە ئەو ووڵاتە، ئەم سەردانەش بە یەکەم سەردان دادەنرێت دوای کۆبوونەوەی راوێژکاری ژمارەیەک وڵاتی عەرەبی لەبارەی پرسی گەڕانەوەی سووریا بۆ کۆمکاری عەرەبی.

ئەمڕۆ سێشەمە (18ــی نیسان/ ئێپڕێڵی2023)، بەشار ئەسەد سەرۆکی سووریا پێشوازی لە شازادە فەیسەڵ فەرحان، وەزیری دەرەوەی سعودیە کرد، لەگەڵیدا باسی پەیوەندییەکانی نێوان هەردوو ووڵات و فایلە سیاسی، عەرەبی و نێودەوڵەتییەکانی دیکەی کرد.

بەگوێرەی راگەیەندراوی سەرۆکایەتی سووریا، بەشار ئەسەد ستایشی رۆڵی سعوودیەی کردووە لە ناوچەکە جەختی لەسەر ئەوە کردووەتەوە، پشتیوانی عەرەبی زۆر پێویستە بۆ گەلی سوریا و رزگارکردنی لە بارودۆخی شەڕ، هەروەها بەرەوپێشچوونی دۆخی ووڵاتەکە و گەڕانەوەی سەقامگیری و ئارامی بۆ سووریا.

لەلای خۆیەوە فەیسەڵ فەرحان، وەزیری دەرەوەی سعوودیە پشتیوانی وڵاتەکەی بۆ یەکپارچەیی و ئارامی و سەقامگیری دووپاتکردەوە و ئامادەیی وڵاتەکەشی نیشاندا بۆ دروستکردنی ژینگەیەکی گونجاو بۆ گەڕانەوەی پەنابەرەکان و ئاوارەکان.

هاوکات وەزیری دەرەوەی سعوودیە، هەڵوێستی وڵاتەکەی دووپاتکردەوە سەبارەت بە گەڕانەوەی سووریا بۆ ناو بازنەی کاری عەرەبی و ئاساییکردنەوەی پەیوەندییەکانی لەگەڵ وڵاتانی عەرەبی و ناوچەکە.

Fly Erbil Advertisment