دوو سەرکردەی گرووپی ڤاگنەری رووسی رووداوی سەیری شەڕی ئۆکرانیا دەگێرنەوە

چەکدارانی ڤاگنەری رووسی
چەکدارانی ڤاگنەری رووسی

K24 - هەولێر

دوو سەرکردەی پێشووی گرووپی ڤاگنەری رووسی، چاوپێکەوتنێکیان لەگەڵ چالاکوانێکی مافی مرۆڤ ئەنجامداوە و دانیان ناوە بەوەی کە لەکاتی مانەوەیان لە ئۆکرانیا منداڵ و خەڵکی مەدەنیان کوشتووە.

تۆڕی هەواڵیCNNی ئەمەریکی رایگەیاند، ئازامات ئۆلدارۆڤ و ئەلێکسی ساڤیکیڤ، لە چاوپێکەوتنێکیاندا، کە لە ماڵپەڕی رێکخراوی گۆلاگۆ بڵاوکرانەوە، باسی کارەکانیان کرد لە ئۆکرانیا، لەو کاتەی هێرشیان کردە سەر ئەو وڵاتە.

رێکخراوی گۆلاگۆ رێکخراوێکی مافی مرۆڤە و ئامانجی چاودێریکردنی گەندەڵی و ئەشکەنجەدانە لە رووسیا.

ئولدارۆڤ باس لەوە دەکات، کە چۆن تەقەی لە کچێکی تەمەن پێنج شەش ساڵان کردووە و کوشتوویەتی، گوتیشی: "بڕیارێکی کارگێڕی بوو بۆ کوشتنی هەر کەسێک لەسەر رێگاکەم، هەروەها رێگەم پێنەدرا هیچ کەسێک بە زیندووی بەجێبهێڵم".

بە گوێرەی CNN، لە هەمان چاوپێکەوتندا، ساڤیکیڤ باسی لەوە کردووە، کە چۆن فەرمانیان پێدراوە کە هەر کەسێک تەمەنی 15 ساڵ یان زیاتربێت لە سێدارە بدەن".

دەشڵێت: "فەرمانمان پێکرابوو بە روخاندن و تێکدانی هەندێک خانووبۆ ئەوەی دڵنیابین لەوەی کە کەس لەناو ماڵەکاندا نەماوە.

ساڤیکیڤ ئاماژەی بەوەشکردووە، هەر چەکدارێکی ڤاگنەر کە فەرمانەکانیان جێبەجێ نەکردووە، کوژراون.

بەگوێرەی تۆڕی CNN، ئولدارۆڤ باسی لە پاڵنەرەکانی پشت چاوپێکەوتنەکە کردووە و گوتیەتی، "دەمەوێت رووسیا و وڵاتانی دیکە راستییەکان بزانن، من شەڕ و خوێنڕشتنم ناوێت".

 گرووپی ڤاگنەر رێکخراوێکی تایبەتی بە کرێگیراوانی رووسییە کە لە ئۆکرانیا شەڕ دەکات، بە سەرۆکایەتی یڤگنی پریگۆژین، کە دەیان هەزار چەکداری لە زیندانەکانی رووسیا وەرگرتووە، هەروەها  دوای بینینی خولێکی سەربازی بۆ ماوەی شەش مانگ، ئازادکراون و پارەیان پێبەخشیون.

بەپێی راپۆرتەکەی CNN ، بەرپرسانی هەواڵگری رۆژئاوا و گرووپەکانی داکۆکی کردن لە زیندانەکان، مەزەندە دەکەن کە لە نێوان 40 بۆ 50 هەزار کەس لەو گرووپە دامەزرابن.

بەرپرسی گرووپی ڤاگنەر، پریگۆژین، لە کەناڵەکەی خۆی لە "تێلێگرام" پشتڕاستی کردەوە، کە بەشێک لە ڤیدیۆکەی بینیوە، هەروەها هەڕەشەی تۆڵەسەندنەوە لەو چەکدارانەی پێشووی ڤاگنەر دەکات.