پێشبینییەکی نەتەوە یەکگرتووەکان: ناوەڕاستی ئەمساڵ ژمارەی دانیشتوانی هیندستان پێش چین دەکەوێت

K24 - هەولێر:
نەتەوە یەکگرتووەکان پێشبینی دەکات، چین کە گەورەترین وڵاتە لەڕووی ژمارەی دانیشتوانەوە، لە ناوەڕاستی ئەمساڵ دەکەوێتە دوای هیندستانەوە.
لە راپۆرتێکی نەتەوە یەکگرتووەکاندا ئاماژە بەوەدراوە، هیندستان لە ناوەڕاستی ئەمساڵدا ژمارەی دانیشتوانەکەی دەگاتە 1.4286 ملیار کەس، لە بەرانبەریشدا ژمارەی دانیشتوانی چین دەگاتە 1.4257 ملیار کەس.
ئامارە فەرمییەکانی چین لە سەرەتای ئەمساڵدا دەریانخستووە، ژمارەی دانیشتوانی چین لە ساڵی رابردوودا بۆ یەکەمجار لە ماوەی زیاتر لە شەش دەیەدا رووی لە کەمی کردووە.
لە راپۆرتەکەی نەتەوە یەکگرتووەکاندا، مەزەندە کراوە کە ژمارەی دانیشتوانی جیهان تا هەمان بەروار بگاتە 8.045 ملیار کەس.
بەهۆی ئەوەی لە ساڵی 2011ەوە سەرژمێری لە هیندستان ئەنجام نەداوە، داتای ژمارەی دانیشتوانی بەردەست نییە.
هیندستان هەر 10 ساڵ جارێک سەرژمێری دەکات، هەروەها بڕیار بوو لە ساڵی 2021 سەرژمێرییەک بکرێت لەو وڵاتە، بەڵام بەهۆی بوونی ڤایرۆسی کۆرۆناوە، ئەوکاتە نەکرا.
ئێستاش رەخنەگران دەڵێن، حکومەتی هیندستان خۆی نایەوێت سەرژمێری بکرێت، بۆیە دوای دەخات، تاوەکو دوای هەڵبژاردنەکانی ساڵی داهاتوو داتای بێ کاری لە وڵاتەکەدا بشارێتەوە.