ترەمپ: ئێران بەبێ رەزامەندیی ئەمریکا هیچ کارێک ناکات

سەرۆکی ئەمریکا لە نوێترین لێدوانیدا ئاماژەی بەوە کرد، کە کۆماری ئیسلامیی ئێران بەبێ رەزامەندی و مۆڵەتی واشنتن هیچ کارێک ئەنجام نادات، هاوکات ئاشکرای کرد، لە ماوەی دوو هەفتەی داهاتوودا چەند بڕیارێکی نوێ دەدات.

پێنجشەممە، 5ـی تشرینی دووەمی 2026، دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا، لە کۆشکی سپی، لە وەڵامی پرسیاری رۆژنامەنووساندا، کۆمەڵێک لێدوانی توند و چارەنووسسازی لە بارەی ئێران، چارەنووسی بەرنامە ئەتۆمییەکەی و ئاییندەی ململانێکان لەگەڵ تاران خستەڕوو.

سەبارەت بە دۆسیەی ئەتۆمی و دانوستانەکان، ترەمپ جەختی لەوە کردەوە، گرنگ نییە پێشنیازەکان چییان تێدایە، لە کۆتاییدا ئێران نابێتە خاوەنی چەکی ئەتۆمی. 

هەروەها ئاماژەی بەوە دا کە کاتی یەکلاکردنەوەی بژاردەکان هاتووە و رایگەیاند: دەبێت بڕیار لەسەر ئەوە بدرێت کە ئایا هەنگاوی زیاتر بەرامبەر ئێران بنێین، یان رێککەوتنەکە پەسەند بکەین.

لە بەشێکی دیکەی وەڵامەکانیدا بۆ ڕۆژنامەنووسان، ترەمپ تیشکی خستە سەر قەبارەی ئەو گورزانەی بەر ئێران کەوتوون و گوتی: ئێران پێویستی بە 25 ساڵە تاوەکو ئەو وێرانکارییە بونیاتبنێتەوە کە جەنگ بەسەریدا هێناوە؛ هاوکات دەشڵێت: پێم باشترە ئەگەر بکرێت بەشەکەی دیکەی ئەو وڵاتە وێران نەکەم.

سەبارەت بە هەژموونی سەربازی و هەواڵگریی واشنتن، ترەمپ باڵادەستیی رەهای ئەمریکای لە ناوچەکەدا دووپات کردەوە و گوتی: ئێران هیچ شتێک بەبێ رەزامەندیی ئەمریکا ناکات؛ لەو کاتەوەی پێش حەفت مانگ بوونمان لەوێ دەستپێکردووە، لەناو ئێران کۆنتڕۆڵی هەموو ئەو شتانەمان کردووە کە دەمانویست کۆنتڕۆڵیان بکەین.

ترەمپ ئاماژەی بە رووداو و دەستپێشخەریی خێرا کرد لە ئاییندەیەکی زۆر نزیکدا و بە رۆژنامەنووسانی راگەیاند: لە ماوەی دوو هەفتەی داهاتوودا چەندین کار و هەنگاوی گەورە ئەنجام دەدەم.