پەرلەمانی تورکیا رێککەوتننامەی مەککەی پەسەند کرد
پەرلەمانی تورکیا بە زۆرینەی دەنگی پەرلەمانتاران، رێککەوتننامەی مەککەی بۆ بەرگریی هاوبەش پەسەند کرد، کە ئامانج لێی داڕشتنی چوارچێوەیەکی تۆکمەی هاوکاریی سەربازی و ئەمنییە بۆ بەرپەرچدانەوەی هاوبەشی هەر جۆرە دەستدرێژی و مەترسییەک بۆ سەر سعوودییە، تورکیا و پاکستان.
پێنجشەممە، 5ـی تشرینی دووەمی 2026، پەرلەمانی تورکیا، بە فەرمی رێککەوتننامەی مەککەی بۆ بەرگریی هاوبەش لە نێوان هەرسێ وڵاتی تورکیا، سعوودیە و پاکستان پەسەند کرد.
پەسەندکردنی ئەم رێککەوتننامەیە لە کۆبوونەوەی گشتیی پەرلەمانی تورکیادا، بە دەنگی 279 پەرلەمانتار یەکلایی کرایەوە، کە تێیدا پەرلەمان ماددەی یەکەمی رێککەوتننامەکەی پەسەند کرد. ئەم رێککەوتنە لە 16 ماددە پێکدێت و چوارچێوەی گشتیی هاوکارییە ئەمنی و سەربازییەکانی نێوان سعوودیە، تورکیا و پاکستان دەستنیشان دەکات؛ لەوانەش: پاراستنی سەروەری و سەلامەتیی خاکی هەر سێ دەوڵەت، بەرزکردنەوەی تواناکانی بەرگری و هەماهەنگیی هاوبەش لە رووبەڕووبوونەوەی هەڕەشە ئەمنییەکان و دیاردەی تیرۆردا.
هەر سێ وڵاتی سعوودیە، پاکستان و تورکیا، لە 7ـی ئابی 2026، لە شاری مەککە، رێککەوتننامەی بەرگریی هاوبەشیان واژۆ کردبوو. بە پێی راگەیەنراوی هاوبەشی ئەو کاتەی هەر سێ وڵاتەکە، رێککەوتنەکە بە ئامانجی بەهێزکردنی توانای بەرپەرچدانەوەی هاوبەشە لە بەرامبەر هەر دەستدرێژییەکی دەرەکی کە بکرێتە سەر هەر یەکێک لەم سێ وڵاتە هاوپەیمانە.