ئەمەریکا سزای بەسەر نۆ وڵاتدا سەپاند
K24 - هەولێر
وەزارەتی گەنجینەی ئەمەریکا سەپاندنی سزای بەسەر 52 کەس و قەوارەی 9 وڵاتی جیاوازدا راگەیاند، لەنێویاندا دوو وڵاتی عەرەبی، کە بە گوتەی خۆی پەیوەندییان بە "حیزبوڵڵا"ی لوبنانەوە هەیە و تێوەگلاون لە سپیکردنەوەی پارە و دەربازبوون لە سزاکان.
وەزارەتی گەنجینەی ئەمەریکا لە راگەیەندراوێکدا رایگەیاند، فەرمانگەی کۆنترۆڵکردنی سەروەت و سامانی دەرەکی رێکاری لە دژی تۆڕێکی نێودەوڵەتی فراوان راگەیاند، کە پێکهاتووە لە 52 کەس و قەوارە، ئەوانیش لە لوبنان، ئیمارات، باشووری ئەفریقا، ئەنگۆلا، کۆتدیڤوار، کۆماری دیموکراتی کۆنگۆ، بەریتانیا، بەلجیکا و هۆنگ کۆنگ.
خەزێنەی ئەمەریکا ئەو تۆڕەی تۆمەتبار کردووە بە ئاسانکاریکردنی پارەدان و دابینکردنی پارە و ئەڵماس و بەردی بەنرخ بۆ بەرژەوەندی، نازم سەعید ئەحمەد، خاوەن دارایی حزبوڵڵا، کە لە ساڵی 2019ەوە لە لیستی تیرۆریستییەکانی ئەمەریکادایە بەهۆی پاڵپشتیکردنی ئەو گرووپە.
گەنجینەی ئەمەریکا ئاماژەی بەوەدا، ئەو کەس و لایەنانەی ئەمڕۆ کاریگەری سزاکانیان لەسەرە، یارمەتی نازم سەعید ئەحمەد دەدەن بۆ دەربازبوون لە سزاکانی ئەمەریکا بە شاردنەوەی مامەڵە داراییەکانی لە رێگەی تۆڕێک لە کۆمپانیای ساختە.