پەرلەمانتارێکی عێراق: بەقاچاخبردنی نەوت زیانی ملیاران دۆلار بە عێراق دەگەیەنێت

یوسف کیلابی، ئەندامی لیژنەی دارایی پەرلەمان و ئەندامی لیژنەی فەرمانی پەرلەمانیی ژمارە 198ـی تایبەت بە لێکۆڵینەوە لە بەقاچاخبردنی نەوت رایگەیاند، بەقاچاخبردنی نەوت بە ملیاران دۆلار زیان بە عێراق دەگەیەنێت.

ئەمڕۆ دووشەممە، 16ـی تشرینی دووەمی 2026، یوسف کتلابی بە ئاژانسی هەواڵی عێراقی (واع)ـی راگەیاند "عێراق خاوەنی 10 هەزار کیلۆمەتر بۆریی نەوتە، ئەگەر بمانەوێت ئامێری هەستەوەر 'حەساس' لەسەر بۆرییەکان دابنێین، پێویستمان بە بڕە پارەیەکە کە لە 350 ملیار دینار تێپەڕ ناکات، واتە 200 ملیۆن دۆلار"، گوتیشی " 200 ملیۆن دۆلار چییە لە بەرامبەر پرۆسەکانی بەقاچاخبردندا کە بە ملیاران دۆلار مەزەندە دەکرێن".

ئەو پەرلەمانتارە ئاماژەی بەوەش کرد "دانانی هەستەوەر لە بۆرییەکان لە ساڵی 2019 خرایە ڕوو، بەڵام پشتگوێخستنی راسپاردەکان و خستنەئەستۆی بەرپرسیارێتی بۆ سەر ئەوانی دیکە کارێکی دروست نییە".

باسی لەوەش کرد، دوو رۆژ لەمەوبەر بە بڕیاری سەرۆکوەزیران، بەڕێوەبەری گشتیی هێڵەکان و کۆمەڵێک بەرپرس لە پۆستەکانیان دوورخرانەوە و ئەوەشی بە هەنگاوێکی باش وەسف کرد.

هاوکات ئاماژەی بە پشتگیریی تەواو بۆ هەوڵەکانی حکوومەت لە بەرەنگاربوونەوەی بەقاچاخبردن کرد و گوتی "لە بەردەم لیژنەکەدا ئاڵنگاری و راسپاردەی زۆر هەن و خاڵێکی ئەرێنییە کە حکوومەتی ئێستا ئەو بڕیارانە جێبەجێ دەکات کە لە ئەنجوومەنی نوێنەرانەوە دەردەچن".