رۆیتەرز: بۆرییەکی 26 ئینجی لە جورف سەخر کون کراوە و سەدان ملیۆن دۆلار دزراوە
ئاژانسی هەواڵی "رۆیتەرز" ئاشکرای کرد، عەلی زەیدی، سەرۆکوەزیرانی عێراق لە سەختترین رووبەڕووبوونەوەدا لەگەڵ گرووپی چەکداری "کەتائیبی حزبوڵڵا"، فەرمانی بە فەرماندە باڵاکانی سوپا و دەزگا ئەمنییەکان کردووە هێزی زیاتر لە دەوروبەری ناوچەی جورف سەخر کۆبکەنەوە و ئامادەکاری بۆ چوونە نێو شارۆچکەکە بکەن، ئەمەش پاش ئاشکرابوونی تۆڕێکی گەورەی قاچاخچێتیی نەوت کە لە ساڵی 2021ەوە سەدان ملیۆن دۆلاری دەوڵەتی دزیوە.
دووشەممە 16ی تشرینی دووەمی 2026، بە گوێرەی راپۆرتەکەی رۆیتەرز، بەرپرسانی باڵای ئەمنی و نەوتی عێراق رایانگەیاندووە، کەتائیبی حزبوڵڵا بە هاوکاریی چەند بەرپرسێکی ئەمنی و کارگێڕی لە کەرتی نەوت، ماوەی چەندین ساڵە تۆڕێکی فراوانی بەقاچاخبردنی نەوتیان لە دەوروبەری ناوچەی جورف سەخر بەڕێوە بردووە.
دوو سەرچاوەی ئەمنی کە بەشدارییان لە لێکۆڵینەوە مەیدانییەکەی ڕۆژی شەممەدا کردووە لە جورف سەخر، ئاشکرایان کردووە کە دزەکان بۆرییەکی سەرەکیی نەوتی خاویان بە تیرەی 26 ئینج کون کردووە کە رۆژانە لانیکەم 200 هەزار بەرمیل نەوت دەگوازێتەوە.
سەرچاوەکان باسیان لەوە کردووە، قاچاخچییەکان نەوتی خاویان لە بۆرییە سەرەکییەکەوە راکێشاوەتە نێو چاڵی هەڵکەندراو لە زەویدا، دواتر لە رێگەی ئامێری پەمپدانی شاردراوە لەنێو هۆڵە داخراوەکاندا، بۆ ئەوەی لە چاودێریی فڕۆکەکان بشاردرێنەوە، تانکەرەکانیان پڕ کردووەتەوە؛ تەنانەت پاڵاوگەیەکی بچووکی نهێنیشیان لە ناوچەکەدا دامەزراندووە. بەرپرسانی نەوتی عێراق مەزەندەی ئەوە دەکەن کە تەنیا لە ساڵی 2021ەوە بە بەهای سەدان ملیۆن دۆلار نەوت لەو ناوچەیەوە بە قاچاخ بردرابێت.
لە ئەنجامی ئەو لێکۆڵینەوانەشدا، زەیدی نۆ بەرپرسی باڵای ئەمنی و نەوتی لە پارێزگای بابل لەسەر کار لادا، لەوانە فەرماندەی پۆلیسی بابل، فەرماندە هەواڵگرییەکان و بەڕێوەبەری کۆمپانیای هێڵەکانی بۆریی نەوت، و سەرجەم تۆمەتبارانیشی رەوانەی دادگا کرد.
بڕیاری زەیدی بۆ ئامادەکردنی هێز بە مەبەستی چوونە نێو جورف سەخر، کە پێگەی سەرەکیی کەتائیبی حزبوڵڵایە، مەترسیی پێکدادانی راستەوخۆی چەکداریی لێ دەکرێت، بەوپێیەی ئەو گرووپە خاوەنی جبەخانەیەکی قورسە لە مووشەکی دژەتانک، فڕۆکەی بێفڕۆکەوانی هێرشبەر و توانای مووشەکی بالیستیی کورت مەودای دروستکراوی ئێران.
لە یەکەم کاردانەوەشدا، کەتائیبی حزبوڵڵا تۆمەتەکانی دزینی نەوتی رەتکردەوە و لە راگەیەندراوێکدا هەڵمەتەکەی حکوومەتی بە "گەورەترین هەڵمەتی گوشار بۆ چەکداماڵینمان و لێسەندنەوەی چەکی کەرامەت" وەسف کرد.
جاسم ئەلبەهادلی، شرۆڤەکاری ئەمنیی عێراق بە رۆیتەرزی راگەیاندووە کە هەنگاوەکەی سەرۆکوەزیران بووەتە رووبەڕووبوونەوەیەکی راستەوخۆی سیاسی لەگەڵ گرووپێکی خاوەن هەژموونی قووڵی ئابووری و ئەمنی، کە ئامانج لێی وشککردنی سەرچاوە داراییەکانی ئەو گرووپە چەکدارانە، بەتایبەت دوای ئەوەی کەتائیبی حزبوڵڵا رەتیکردەوە ملکەچی داواکارییەکانی دەوڵەت بێت بۆ کۆنترۆڵکردنی چەکەکانی.
هاوکات ئەم هەڵمەتەی بەغدا لە ژێر گوشاری چڕی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکادایە لەسەر دەستتێوەردانی میلیشیاکان لە کەرتی نەوتدا، پاش ئەوەی واشنتن لە مانگی ئایاردا سزای بەسەر جێگری وەزیری نەوتی عێراق و تۆڕە قاچاخچییەکانی نزیک لە تاراندا سەپاند.