سوپای سوودان دەوروبەری کۆشکی سەرۆکایەتی بۆردوومان کرد
K24 - هەولێر:
بۆ چوارەم رۆژی لەسەر یەک شەڕی سوودان بەردەوامە لە نێوان سوپا و هێزەکانی پشتیوانی خێرا، لە کاتێکدا سوپا هێزی ئاسمانی بەکارهێنا بۆ بۆردومانکردنی ئەو بارەگایانەی سوپا کە کەوتبووە دەست هێزەکانی پشتیوانی خێراوە، ئەمەش چەند کاتژمێرێک بەر لە دەستپێکردنی ئاگربەستێکی 24 کاتژمێری کە لەلایەن هەردوولاوە بە نێوەندگیری وەزیری دەرەوەی ئەمەریکا، رێککەوتنی لەسەر کرا.
بلینکن لە پەیوەندییەکی تەلەفۆنیدا داوای لە بورهان و حمیدیتی کرد، رێکبکەون لەسەر ئاگربەستێکی 24 کاتژمێری بۆ ئەوەی رێگە بە سوودانییەکان بدەن بە سەلامەتی لەگەڵ خێزانەکانیاندا کۆببنەوە و پێداویستییەکانی فریاگوزاری وەربگرن".
شازادەی سعوودیە فەیسەڵ بن فەرهان و شێخ عەبدوڵا بن زایدی ئیماراتی رایانگەیاند، لایەنە شەڕکەرەکانی سوودان رازیبوون بە ئاگربەستێکی 24 کاتژمێری، ئەمەش دوای دەستێوەردانی ئەمەریکا و پەیوەندییەکانی لەگەڵ وڵاتانی ناوچەکەدا هات بۆ کەمکردنەوەی فشارەکان بۆ سەر ئەو هاوڵاتییانەی کە لە ماوەی چەند رۆژی شەڕدا گیریان خواردووە.
هاوکات فڕۆکە جەنگییەکانی سوپا شوێنەکانی دەوروبەری بارەگای گشتی سوپا و کۆشکی سەرۆکایەتییان لە ناوەندی خەرتومی پایتەخت بۆردومان کرد، کە هێزەکانی پشتیوانی خێرا کۆنترۆڵیان کردبوو، کە لە بەرامبەریشدا بە دژە فڕۆکە و موشەک رووبەڕوویان بوونەوە .
شەڕی قورس بۆ چوارەم رۆژی لەسەر یەک بەردەوام بوو لە کاتێکدا سوپای سوودان ئۆپەراسیۆنە ئاسمانییەکانی فراوانتر کرد لەو ناوچانەی کە هێزەکانی پشتیوانی خێرا لە خەرتوم و شارەکانی دیکەی وڵاتەکە بڵاوکراونەتەوە.