دوای كوژرانی 2 بەرپرسی ئەمنی ئێران ھاووڵاتیانی كورد دەستگیر دەكات
سوپای پاسداران ئاگریان بەرداوەتە چیاكانی ناوچەكە
K24 - ھەولێر
بە گوێرەی زانیارییەكانی كوردستان24 دوای ئەوەی لە سەرەتایی ئەم ھەفتەیەدا تەقە لە كاروانی ئۆتۆمبێلەكانی پەرلەمانتار و قایمقامی داڵاھۆ و ئیسلام ئاباد كرا، سوپای پاسداران و ھێزەكانی ئیتلاعات لە ناوچەكەدا دەستیكردووە بە دەستگیركردنی ھاووڵاتیانی كورد.
سەرچاوەیەك لە ناوچە سنوورییەكانی ئەو دەڤەرە كە نەیویست ناوی ئاشكرا بكرێت بە ماڵپەڕی كوردستان24 راگەیاند: "دوای ئەوەی رۆژی یەكشەممە لە ناوچەی داڵاھۆ و ئیسلام ئابادی سەر بە پارێزگای كرماشان كاتێك نوێنەری پەرلەمانی ئەو سنوورە و قایمقام و بەرپرسانی ئیداریی و ئەمنی كرا دوو كەسیان كوژران و چەند كەسێكی دیكەشیان بە سەختی برینداربوو، سوپای پاسداران ئاگریان لە چیاكانی داڵاھۆ و سەلاسی باوەجانی و كوێخا ئەلیاسی بەردا بە گومانی ئەوەی ئەو چەكدارانەی تەقەیان لێكردوون لە چیاكان بن".
ئەو سەرچاوەیە گوتیشی: "ئێستا سوپای پاسداران و ھێزەكانی ئیتلاعات دەستیان كردووە بە دەستگیركردنی ھاووڵاتیانی كورد لەو ناوچەیە و ھەركەسێك لە شارەكان بێتە ئاواییەكانی كوێخا ئەلیاسی ئەحمەد و ناسنامەی پێ نەبێت دەستگیری دەكەن، تا ئێستا ژمارەیەك ھاووڵاتی كوردیان دەستگیركردووە".
ئەوەشی خستەڕوو: "بەھۆی ئەو ھەڵسوكەوتانەی ئێران ژیانی خەڵكی ناوچەكە بە تەواوی ناخۆش بووە، سوپای پاسداران دەیانەوێت تۆڵەی كوژراوانیان لە خەڵكی سڤیل بكەنەوە".


