ئەڵمانیا کەسێکی سووری بە تۆمەتی پلاندانان بۆ هێرشی تیرۆریستی دەستگیرکرد
K24 - هەولێر
دەسەڵاتدارانی ئەڵمانیا دەستگیرکردنی گەنجێکی تەمەن 28 ساڵانی سورییان لە شاری هامبۆرگ راگەیاند بە گومانی پلاندانان بۆ دەستپێکردنی هێرشی تیرۆریستی.
فەرمانگەی پۆلیسی تاوانەکانی فیدراڵی و فەرمانگەی پۆلیسی تاوانەکانی هەرێمی هامبۆرگ و داواکاری گشتی ویلایەتەکە رایانگەیاند، گومان دەکرێت برای تۆمەتبارەکە کە چوار ساڵ لە خۆی بچووکترە و لە شاری کەمپتن دەژی، یارمەتی دابێت بۆ پلاندانان.
بەپێی راگەیەندراوەکە، ئەو دوو برایە پلانیان هەبووە بە پشتێنەیەکی تەقینەوە کە دروستیان کردووە هێرش بکەنە سەر ئامانجە مەدەنییەکان، تۆمەتباری سەرەکی برا گەورەکەیە کە چەند هەفتەیەک لەمەوبەر لە رێگەی پلاتفۆرمی ئۆنلاینی ئیبەی و پێشانگەکانی دیکەوە کەرەستەی سەرەتایی کە لە دروستکردنی تەقەمەنیدا بەکاردەهێنرێت کڕیووە و لەلایەن براکەیەوە لە شاری کەمپتن هاندراوە بۆ پلاندانان بۆ تاوانەکە.
لەلایەن دادگای هامبۆرگەوە فەرمانی دەستگیرکردن دەرچووە لە دژی تۆمەتباری سەرەکی بە تۆمەتی پارەدارکردنی تیرۆر.
بەرەبەیانی ئەمڕۆ چوارشەممە، لە چوارچێوەی هەڵمەتێکدا زۆرێک لە موڵک و ماڵی ئەو سووریە لە هامبۆرگ و کەمپتن پشکنینیان بۆ کرا و دەست بەسەر بەڵگەی زۆردا گیرا، لەنێویاندا ماددە کیمیاییەکان، لەو هەڵمەتەدا 250 ئەفسەری پۆلیس بەشداریان کرد.