رووسیا ژمارەیەک دیپلۆماتکاری نەرویژ لە وڵاتەکەی دەردەکات

باڵیۆزخانەی نەرویژ لە مۆسکۆ
باڵیۆزخانەی نەرویژ لە مۆسکۆ

K24 - هەولێر:

ماوەی زیاتر لە ساڵێکە جەنگ لەنێوان رووسیا و ئۆکرانیا هەڵگیرساوە و چەندین دەرهاویشتەی سەربازی، تەناهی، دیپلۆماسی، ئابووری و کۆمەڵایەتی لێکەوتووەتەوە و لەسەر ئاستی وڵاتان بەتایبەتی وڵاتانی ئەورووپا پەیوەندییەکان لەگەڵ رووسیا ئالۆز بووە و کاردانەوەی جۆراوجۆری بەدوای خۆیدا هێناوە.

لە نوێترین هەڵوێست و پێشهاتەکاندا پەیوەندییە دیپلۆماسییەکانی نێوان رووسیا و نەرویژ گرژییان تێکەوت، لەوبارەیەوە ئەمڕۆ (چوارشەممە 26ـی نیسان/ ئێپڕێڵی 2023) وەزارەتی دەرەوەی رووسیا راگەیەنراوێکی بڵاوکردەوە و تێیدا ئاماژەی بەوە کردووە، ژمارەیەک فەرمانبەری باڵیۆزخانەی نەرویژیان لە رووسیا دەرکردووە.

وەزارەتی دەرەوەی رووسیا لە راگەیەنراوەکەدا روونیکردووەتەوە، حکومەتی رووسیا  بڕیاری دەرکردنی 10 کارمەندی باڵیۆزخانەی نەرویژ و نووسینگەی پاشکۆی سەربازی لە مۆسکۆ دەرکردووە. وەزارەتی دەرەوەی رووسیا رایگەیاندووە، دەرکراوەکان کەسانی نەخوازراو بوونە و بۆ ئەم مەبەستەش نووسراوی فەرمییان داوەتە باڵیۆزی نەرویژ لە مۆسکۆ.

راگەیەنراوەکەی وەزارەتی دەرەوەی رووسیا باسی لەوە کردووە، چەند رۆژێک لەمەوبەر رۆبتەر کەفیلا، باڵیۆزی نەرویژ لە مۆسکۆ بانگهێشتی وەزارەتی دەرەوەی رووسیا کراوە بەمەبەستی دەربڕینی ناڕەزایەتی بەرامبەر دەرکردنی 15 دیپلۆماتکاری رووسی لە باڵیۆزخانەی رووسیا و فەرمانبەرانی نووسینگەی پاشکۆی سەربازی لەلایەن حکومەتی نەرویژەوە.