رۆژی شەممە پەرلەمانی عێراق بۆ دەنگدان و خوێندنەوەی چەند پرۆژەیاسایەک کۆدەبێتەوە

K24 - هەولێر:
رۆژی 29ـی نیسانی 2023، لە ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق خوێندنەوە بۆ چەند پرۆژەیاسایەک دەکرێت و لەسەر رەشنووسی پرۆژەیاسایەکیش دەنگدان دەکرێت.
بە گوێرەی خشتەی کاری پەرلەمانی عێراق، دوای خوێدنەوەی چەند ئایەتێک لە قورئانی پیرۆز، دەنگدان لەسەر رەشنووسی یاسای دەسەڵاتی نیشتمانی بۆ کۆنترۆڵکردنی ئەتۆمی و تیشک و کیمیایی و توێژینەوەی زانستی دەکرێت کە لە (34 ماددە) پێكهاتووە. لیژنەی بایۆلۆجی و تەندروستی و ژینگە، لیژنەی پەروەردە.
هەروەها خوێندنەوەی یەکەم بۆ پرۆژەیاسای پەیوەستبوونی کۆماری عێراق بە پەیمانی مەراکش دەکرێت.
پەیمانی مەراکش، پەیماننامەیەکە بۆ ئاسانکاری دەستراگەیشتنی کەسانی نابینا یان بە شێوەیەکی تر خاوەن پێدوایستی تایبەت بە ئەو خزمەتگوزاری و بەرهەمانەی بە سوودی ئەوانە، پەیماننامەکە لە 27ـی تەمووزی 2013 لە شاری مەراکش لە مەغریب واژوو کرا.
لە ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق، خوێندنەوەی یەکەمی پرۆژەیاسای هەمواری دووەمی یاسای فەرمانگەکانی خزمەتگوزاری زانستی و راوێژکاری لە خوێندنی باڵا و دامەزراوەکانی توێژینەوەی زانستی دەکرێت کە لە دوو ماددە پێکهاتووە.
هەروەها بەپێی خشتەی کاری پەرلمان، خوێندنەوەی دووەم بۆ پرۆژەیاسای پەیوەستبوونی کۆماری عێراق بە پەیڕەوی ناوخۆی رێکخراوی ئیسلامی بۆ ئاسایشی خۆراک، پرۆژەیاساکە لەلایەن لیژنە پەیوەندییەکانی دەرەوە کاری لەسەر کراوە و لە دوو ماددە پێکهاتووە.
لە خشتەی کاری پەرلەماندا هاتووە: خوێندنەوەی دووەم دەکرێت بۆ پرۆژەیاسای پەسەندکردنی رێککەوتننامەی دوورکەوتنەوە لە باجدان و رێگریکردن لە خۆدزینەوە داراییەکان سەبارەت بە باج لەسەر داهات و سەرمایە لە نێوان حکومەتی کۆماری عێراق و حکومەتی دەوڵەتی کوێتدا.
لە کۆتایی خشەت کاری پەرلەمانی عێراق، بڕیار وایە خوێندنەوەی دووەم بۆ پرۆژەیاسای بەکرێدانی زەوییە کشتوکاڵییەکان بکرێت کە لە 15 ماددە پێکهاتووە.