وەقفی سوننی عێراق: مزگەوتی رەحمان لە شنگال نەسووتێندراوە

ئیسماعیل محەممەد، بەڕێوەبەری وەقفی سوننی عێراق لە قەزای شنگال
ئیسماعیل محەممەد، بەڕێوەبەری وەقفی سوننی عێراق لە قەزای شنگال

K24 – هەولێر:

وەقفی سوننی عێراق بە مەبەستی بەدواداچوون بۆ راستی رووداوی سووتاندن و هێرشکردنە سەر مزگەوتی رەحمان لە شنگال، سەردانی مزگەوتەکەی کرد و رایگەیاند بۆیان دەرکەوتووە مزگەوتی رەحمان نە سووتێندراوە و هیچ زیانێکی ماددیشی پێنەکەوتووە.

ئیسماعیل محەممەد، بەڕێوەبەری وەقفی سوننی عێراق لە قەزای شنگال لە بەردەم مزگەوتی رەحمان لە شنگال رایگەیاند، لەسەر داوای مەشعان خەزرەجی، سەرۆکی دیوانی وەقفی سوننی بەدواداچوونمان بۆ پرسی سووتاندن و هێرشکردنە سەر مزگەوتی رەحمان لە شنگال کرد و بۆمان دەرکەوت، ئەو هەواڵانەی لەوبارەیەوە بڵاوکراونەتەوە دوورن لە راستییەوە.

هەروەها بەڕێوەبەری وەقفی سوننی عێراق لە قەزای شنگال جەختی لەسەر پەیامی پاراستنی پێکەوەژیانی ئاشتیانەی سەرجەم پێکهاتەکانی شنگال کردەوە و داواشی لە هەموولایەنەکان کرد کار بۆ دروستکردنی ناکۆکی لەنێوان پێکهاتەکان نەکەن و داوای گەڕانەوەی ئاوارەکانی شنگالیشی کرد بۆ ناوچەکانی خۆیان.

رۆژی پێنجشەممە (27ـی نیسانی 2023)، دوای گەڕانەوەی نزیکەی 25 خێزانی عەرەبی سوننە بۆ قەزای شنگال، ژمارەیەک لە دانیشتووانی قەزاکە خۆپیشاندانێکی ناڕەزایەتییان ئەنجامدا و بڕیاری گەڕانەوەی ئەو ئاوارانەیان لەلایەن وەزارەتی کۆچ و کۆچبەرانی عێراقەوە رەتکردەوە و بە هۆکاری ئەوەی "ئەو خێزانە عەرەبانە لە رابردوودا هاوکاری چەکدارانی داعشیان کردووە لە کاتی داگیرکردنی شنگال".

دوای ئەو خۆپیشاندانەش، لە سۆشیال میدیا و بەشێک لە راگەیاندنەکان هەواڵی پەلاماردان و سووتاندنی مزگەوتی رەحمان لە شنگال بڵاوکرایەوە و ئەمەش ناڕەزایەتی بەدوای خۆیدا هێنا.

هەرچەندە میری ئێزدییان و بنکەی رۆشنبیری لالش و بەڕێوەبەرایەتی کاروباری ئیزدییەکان لە وەزارەتی ئەوقاف و کاروباری ئایینی حکومەتی هەرێمی کوردستان ئەو رووداوەیان رەتکردەوە و رایانگەیاند هیچ پەیوەندییەکی بە ئێزدییەکانەوە نییە، لەلایەن خۆشیەوە وەزارەتی ئەوقاف و و کاروباری ئایینی حکومەتی هەرێمی کوردستان و یەکێتی زانایانی ئیسلامی کوردستان ئەو جۆرە کارانەیان رەتکردەوە و جەختیان لەسەر بنەمای پێکەوەژیان کردەوە.