پارێزگای هەولێر: لێژنەکان 48 کاتژمێرە چاودێری نرخ و کوالێتی بەنزین دەکەن

لە چوارچێوەی جێبەجێکردنی بڕیاری دابەزاندنی نرخی بەنزین و پاراستنی بەرژەوەندیی هاووڵاتییان، لێژنەکانی چاودێری لە پارێزگای هەولێر لە ئەرکێکی بەردەوامدان و چاودێریی توندی بەنزینخانەکان دەکەن.

ئەمڕۆ چوارشەممە، 22ـی تەممووزی 2026، پارێزگای هەولێر بڵاویکردەوە، هاوکات لەگەڵ دەرچوونی فەرمانی سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان بۆ دیاریکردنی نرخی بەنزین، لێژنەی چاودێریکردنی نرخ و کوالێتی ماوەی 48 کاتژمێرە بە شێوەیەکی مەیدانی لە ئەرکدایە بۆ رایی کردنی کارەکانی.

بەگوێرەی راگەیەندراوەکە، لێژنەیەکی تایبەت بە سەرۆکایەتیی عەقید نیهاد نەوزاد لە بەڕێوەبەرایەتیی کاروباری ناوخۆی پارێزگا و ئەندامییەتی نوێنەرانی (بەرگریی شارستانیی، ئاسایشی گشتی، قایمقامییەتی قەزای ناوەند و بەڕێوەبەرایەتی نەوت و کانزاکان) پێکهێنراوە. ئەرکی لێژنەکە بریتییە لە سەردانی بەردەوامی بەنزینخانەکان بۆ دڵنیابوون لە پابەندبوونیان بە نرخە نوێیەکان و پشکنینی کوالێتی بەنزین بەپێی ستانداردە پەسندکراوەکان.

لە بەشێکی دیکەی راگەیەندراوەکەدا هاتووە، ئەندامانی لێژنەی چاودێری جەختیان لەوە کردووەتەوە کە هیچ جۆرە سەرپێچییەک قبووڵ ناکرێت. هەر بەنزینخانەیەک پابەندی بڕیارەکان نەبێت، رووبەڕووی رێکاری یاسایی توند، سزای کارگێڕی و داخستنی شوێنەکەی دەبێتەوە.

ئەم هەنگاوەی پارێزگای هەولێر وەک جێبەجێکردنی فەرمانی سەرۆکی حکومەت دێت، بە مەبەستی دابینکردنی بەنزینێکی باش بە نرخێکی گونجاو بۆ هاووڵاتییان و بەهێزکردنی چاودێریی بازاڕ لە پێناو بەرژەوەندیی گشتیدا.

هاوکات لە کۆبوونەوەی ئەمڕۆی ئەنجوومەنی وەزیران، وەزارەتی سامانە سروشتییەکانی راسپارد کە سەرجەم رێکارە پێویستەکان بگرێتەبەر بۆ رووبەڕووبوونەوەی گرانبوونی نرخی سووتەمەنی، چاودێریی وردی بازاڕ و بەنزینخانەکان بکرێت بۆ دڵنیابوون لە کوالێتی و پابەندبوون بە نرخە دیاریکراوەکان.