بڕی بەنزینی پاڵپشتیکراوی حکوومی دوو هێندە زیاتر دەکرێت

وەزارەتی سامانە سروشتییەکانی هەرێمی کوردستان، بڕیاری دابەزاندنی نرخی بەنزینی بازرگانی و زیادکردنی بڕی بەنزینی پاڵپشتیکراوی حکوومی دەردەکات. بەپێی بڕیارەکە، دابەشکردنی بەنزینی 750 دیناری لە هەولێر بۆ دوو هێندە زیاد دەکات و نرخی بەنزینی نۆرماڵی بازرگانیش بۆ 850 دینار بۆ هەر لیترێک جێگیر دەکرێت.

وەزارەتی سامانە سروشتییەکانی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، لە چوارچێوەی هەوڵەکانیدا بۆ رێکخستنی بازاڕی سووتەمەنی و کەمکردنەوەی بارگرانی لەسەر هاووڵاتییان، زنجیرەیەک بڕیاری نوێی بۆ دابەزاندنی نرخی بەنزین و زیادکردنی بڕی سووتەمەنی پاڵپشتیکراو دەرکرد.

بە پێی زانیارییەکانی کوردستان24، بڕیار دراوە بڕی دابەشکردنی رۆژانەی بەنزینی حكوومی بە نرخی (750) دینار لە شاری هەولێر، لە 21 تانکەرەوە بۆ 40 تانکەر زیاد بکرێت، کە ئەمەش ڕێژەی دابەشکردنەکە بۆ نزیکەی دوو هێندە بەرز دەکاتەوە. هاوکات، نرخی لیتری بەنزینی نۆرماڵی بازرگانی بە 850 دینار جێگیر کراوە و هیچ بەنزینخانەیەک بۆی نییە بە نرخێکی بەرزتر بیفرۆشێت.

سەبارەت بە دەنگۆی کەمبوونەوەی بەنزینی نۆرماڵ لە هەندێک بەنزینخانە، سالار محەمەد، لێپرسراوی بەشی پشکنین و کوالێتی لە بەڕێوەبەرایەتیی نەوت و کانزاکانی هەولێر، بە کوردستان24ـی گوت: دابینکردنی بەنزینی نۆرماڵ بۆ بەنزینخانەکان بەردەوامە و ئەو گرفتە کاتییەی دروستبووە، لە ماوەی چەند ڕۆژێکی کەمدا بە تەواوی چارەسەر دەبێت.

لە لایەکی دیکەوە، سەرچاوەیەکی باڵا لە پاڵاوتگەی "کار" رایگەیاند: پاڵاوتگەکەیان بە تەواوی پابەندی بڕیارەکانی حکوومەتی هەرێمی کوردستانە و بەگوێرەی مەرجەکانی وەزارەتی سامانە سروشتییەکان کار دەکات.

ئەو سەرچاوەیە ئەو دەنگۆیانەی رەتکردەوە کە باس لە فرۆشتنی بەنزینی نۆرماڵ بە بازرگانان بە نرخی زیاتر لە هەزار دینار دەکەن.

هاوکات، بەرپرسێکی باڵای وەزارەتی سامانە سروشتییەکان ئاماژەی بەوە کرد، پاڵاوتگەی "لاناز" ئەرکی دابینکردنی سەرجەم بەنزینە 750 دینارییەکەی بازاڕی لەئەستۆ گرتووە. ئەم بەنزینە پاڵپشتیکراوە لەو 50 هەزار بەرمیل نەوتە بەرهەم دەهێنرێت کە حکوومەت بۆ پێداویستیی ناوخۆیی تەرخانی کردووە، بە شێوازێک کە رۆژانە نزیکەی دوو ملیۆن لیتر بەنزینی لێ بەرهەم دەهێنرێت.

سەبارەت بە جۆرەکانی دیکەی بەنزین، بڕیار دراوە نرخی لیتری بەنزینی "موحەسەن" بۆ 1000 دینار دابەزێنرێت و نابێت بەنزینی "سوپەر"ـیش لە هەزار و 200 دینار زیاتر بێت، کە لە ئەمڕۆوە بڕیارەکە چووەتە واری جێبەجێکردنەوە.

وەزارەتی سامانە سروشتییەکان هۆشداریی توند دەداتە خاوەن بەنزینخانەکان کە پێویستە بە تەواوی پابەندی نرخ و ستانداردەکانی کوالێتی بن؛ بە پێچەوانەوە هەر بەنزینخانەیەک سەرپێچی بکات، رووبەڕووی سزای دارایی توند و داخستن دەبێتەوە. لایەنە پەیوەندیدارەکانیش لە رێگەی کامێراکانی چاودێری و پشکنینی مەیدانییەوە چاودێریی پرۆسەکە دەکەن.