رێنمایی نوێ بۆ پرسە و بۆنە ئایینییەکان دەردەکرێت
تاقیکردنەوە بە قورئان خوێنەکان دەکرێت
پرسە نابێت لە رۆژێک زیاتر بێت و لە دوو شوێنی جیاواز دابندرێت، هەفتەی داهاتوو وەزارەتی ئەوقاف و کاروباری ئایینی رێنمایی نوێ بۆ پرسە و بۆنە ئایینییەکان دەردەکات.
دوای ئەوەی د. پشتیوان سادق وەزیری ئەوقاف و کاروباری ئایینی حکوومەتی هەرێمی کوردستان لەبارەی پرسە و بۆنە ئایینییەکان لەگەڵ بەشێکی کارگێڕی هۆڵی بۆنە ئایینییەکان کۆبووەوە و جەختیکردەوە نابێت پرسە لە یەک رۆژ زیاتر بێت.
هەروەها وەزارەتی ئەوقاف لیژنەیەکی پسپۆڕی بۆ رێکخستنەوەی پرسە و بۆنە ئایینییەکان پێکهێناوە و بڕیاریشە لە هەفتەی داهاتوودا ژمارەیەک بڕیار و رێنمایی نوێ بۆ پرسە و بۆنە ئایینییەکان دەربکرێن.
لەوبارەیەوە د. ئیبراهیم بەرزنجی، ئەندامی لیژنەی رێکخستنەوەی پرسە و بۆنە ئایینییەکان لە وەزارەتی ئەوقاف و کاروباری ئایینی بە کوردستان24ـی راگەیاند، وەزارەتی ئەوقاف دەیەوێت رێنماییە نوێیەکانی تایبەت بە پرسە و بۆنە ئایینییەکان بە یاسایی بکات، بۆ ئەو مەبەستە لیژنەیەکی پسپۆڕ پێکهێندراوە و هەفتەی داهاتوو رێنماییە نوێییەکانی تایبەت بە پرسە و بۆنە ئایینییەکان بڵاودەکرێنەوە، گوتیشی، رێنماییەکان لە بەرژەوەندی گشتیی و خاوەن پرسە دەبن.
ئیبراهیم بەرزنجی ئاشکراشی کرد، لە رێنماییە نوێییەکان دا گۆڕانکاری لە هونەری هۆڵەکان دەکرێت و سیستمی دەنگ رێکدەخرێتەوە و شوێنی ئافرەتان و پیاوان جیا دەکرێتەوە، هەروەها نابێت پرسە لە رۆژێک زیاتر بێت و هاوکات لە دوو شوێنی جیاواز دابندرێت، بۆ نموونەی رۆژێک لە هۆڵێک یان مزگەوتێک بێت و رۆژی دواتر لە شوێنێکی دیکە و شاری دیکە دابندرێت.
راشیگەیاند، بەهیچ شێوەیەک قورئان خوێن لە پرسەکان نابێت پارە وەربگرێت و ئەو کەسانەی لە پرسەکاندا قورئان دەخوێنن تاقیکردنەوەیان پێدەکرێت و هەڵسەنگاندن بۆ شیاندنی جلوبەرگ و دەنگ و مەقامەتییان دەکرێت، دواتر باجێکی تایبەتییان پێدەدرێت و هەر قورئان خوێنێک ئەو باجەی پێنەبێت بۆی نییە قورئان بخوێنێت.
لە هەرێمی کوردستان زیاتر لە شەش هەزار مزگەوت و سەدان هۆڵی بۆنە ئایینییەکان هەن و رۆژانە پرسە و رێوڕەسمە ئایینییەکانیان تێدا بەڕێوەدەچێت، وەزارەتی ئەوقاف و کاروباری ئایینیش لیژنەیەکی بۆ رێکخستنەوە بۆنە و پرسەکان پێکهێناوە و رێنمایی نوێ ئامادە دەکات.