دوو حزبی دیكه‌ پاڵپشتی قسه‌كانی مه‌لا به‌ختیار ده‌كه‌ن

مه‌لا به‌ختیار: هیچ حزبێك به‌ گۆڕانیشه‌وه‌ نه‌یگوتووه‌ بارزانیمان قه‌بووڵ نییه‌

https://k24mediaservice.streaming.mediaservices.windows.net/0466de3f-5979-4971-a02f-c90885dfdea5/YNK%20u%20Goran%20razi%20bun%20ba%20manawy%20saroki.ism/manifest

K24 - هه‌ولێر:

دوابه‌دوای قسه‌كه‌ی مه‌لا به‌ختیار لێپرسراوی ده‌سته‌ی كارگێڕی مه‌كته‌بی سیاسی یه‌كێتی نیشتمانی كوردستان، ده‌رباره‌ی ئه‌وه‌ی هیچ لایه‌نێك به‌ ئاشكرا نه‌یگوتوه‌ مه‌سعود بارزانیمان قه‌بوڵ نییه‌، تا ئێستا لایه‌نه‌كان به‌رامبه‌ر ئه‌و لێدوانه‌ بێده‌نگن. هه‌ریه‌كه‌ له‌ حزبی شیوعی كوردستان و زه‌حمه‌تكێشانیش ئه‌و قسه‌یه‌ی مه‌لا به‌ختیار دووپات ده‌كه‌نه‌وه‌ و ده‌ڵێن: ئێمه‌ش له‌ به‌شێكی كۆبوونه‌وه‌كان به‌شداربووین و نەمانبیستووه‌ بارزانیان قه‌بوڵ نه‌بێت.

ئەمە ئەو قسەیە بوو، كە تا ئێستا لەلایەن خودی ئەو حزبانەوە وەڵام نەدراوەتەوە، بێدەنگیەك باڵی بەسەریاندا كێشاوە، كە پێدەچێ بێدەنگیەكەیان ڕاستی قسەكە بسەلمێنێت، حزبی شیوعی كوردستانیش ڕەنگی قسەكەی مەلا بەختیار تۆختر دەكاتەوە و دەڵێت، لە كۆبوونەوەكانیشمان لەگەڵ ئەو حزبانە، نەمانبیستوە مەسعود بارزانیان قەبوڵ نەبێت.

ئەم قسانەی لێپرسراوی دەستەی كارگێڕی یەكێتی نیشتمانی كوردستان لەكۆڕێكیدا بوو بە ناونیشانی سازان یا ترازان، كە 13 ی ئەم مانگە لە شاری سلێمانی بەڕێوەچوو، تێیدا ئەو قسەیەشی كرد كە پارتی دیموكراتی كوردستان زوو زوو دەیخاتە بەر گوێی لایەنەكانی دیكە، كە ئەگەر داوای گۆڕینی بارزانی دەكەن بۆچی كاندیدی خۆیان پێشكەش ناكەن، ئەم ئەندامەی حزبی زەحمەتكێشانی كوردستانیش ئاماژە بەوە دەكات، دەبو لە سەرەتایی پێكھێنانی كابینەی ھەشتەمی حكومەت خەم لەو پرسە خورابوایە.

ساڵی ڕابردوو بۆ گەیشتن بە خاڵی ھاوبەش لەسەر پرسی سەرۆكایەتی ھەرێمی كوردستان، چەندین كۆبوونەوە ئەنجام دران، دواجار كۆبوونەوەكان بێ ئەنجام كۆتاییان پێھات و پەرلەمانیش لەكاركەوت، ئەوكات ئەو لایەنانەی داوای ھەمواركردنەوەی یاسای سەرۆكایەتی ھەرێمیان دەكرد رایانگەیاند بابەتەكە بە كەسی نەكراوە، لەولاشەوە پارتی داوای درێژكردنەوەی ماوەی ویلایەتی سەرۆكی ھەرێمی كوردستانی دەكرد، ھەر ئەوكات بەشێك لەو بەرپرسانەی لە كۆبوونەوەكان بەشداردەبوون دەیانگوت كۆبوونەوەكان بۆ ڕێككەوتنە بۆ ساڵی 2017 نەك بۆ ئێستا.