شەڕی ناوخۆی سوودان هەڕەشە لە کۆکاکۆلا دەکات

K24 - هەولێر

شەڕی ناوخۆی سوودان هەڕەشەیەکی جدی لەسەر کۆمپانیاکانی کۆکاکۆلا و پێپسی دروستکردووە.

کەتیرەی عەرەبی جگە لەوەی لە پیشەسازی شیرنەمەنییەکان و ماددەکانی جوانکاری بەکاردەهێندرێت، پێکهاتەیەکی سەرەکی خواردنەوە گازییەکانی هەردوو کۆمپانیای کۆکا کۆلا و پێپسیکۆیە.

نزیکەی سەدا 70ـی پێویستییەکانی کەتیرەی عەرەبی لە تەواوی جیهان لە سوودان دابین دەکرێت، کە جێگرەوەی نییە و لە داری ئاکاسیا لە ناوچە کەناراوییەکانی سوودان بەرهەمدەهێندرێت.

بە گوێرەی راپۆرتێکی ئاژانسی رۆیتەرز، ناسەقامگیری دۆخی سوودان بەهۆی شەڕی ناوخۆی نێوان سوپای وڵاتەکە و هێزەکانی رووبەڕووبوونەوەی خێرا، ئێستا کێشەی گەورە بۆ هەردوو کۆمپانیای کۆکاکۆلا و پێپسیکۆ دروستبووە، بە گوێرەی زانیارییەکان هەردوو کۆمپانیا کورتهێنانیان هەیە و بۆ ماوەی سێ تاوەکو شەش مانگ کۆگاکانیان بەشیان دەکات.

بەگوێرەی داتاکانی گرووپی کێری، تێکڕای بەرهەمهێنانی کەتیرەی عەرەبی لە تەواوی جیهاندا 120 هەزار تۆنە لە ساڵێکدا، بەهاکەی 1.1 ملیار دۆلارە، زۆرینەی لە ناوچەی 'پشتێنەی کەتیرە' هەڵکەوتووە کە درێژییەکەی 500 میلە و لە رۆژهەڵاتی کیشوەری ئەفریقا هەڵکەوتووە لەو زەویانە شیاوی کشتوکاڵن بەدیدەکرێن، لە دیارترین وڵاتە بەرهەمهێنەرەکانیش بریتین لە، سۆماڵ، چاد، ئێریتیریا و ئیسیۆپیا.

Fly Erbil Advertisment