بە ڤیدیۆ.. ئاگر لە بانکی ناوەندی سوودان دەکەوێتەوە

بانکی ناوەندی سوودان
بانکی ناوەندی سوودان

K24 - هەولێر:

لە باڵەخانەی بانکی ناوەندی سوودان لە خەرتوومی پایتەختی وڵاتەکە ئاگر کەوتەوە.

بە گوێرەی ڤیدیۆیەک کە لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان بڵاوبووەتەوە، لە خەرتووم ئاگر لە باڵەخانەی بانکی ناوەندی سوودان کەوتووتەوە و تاوەکو ئێستا دەسەڵاتداران و سەرچاوە ناوخۆییەکانی وڵاتەکە هیچ زانیارییەکیان لەبارەی زیانەکان بڵاونەکردووەتەوە.

بانکی ناوەندی سوودان 17 لقی هەیە کە بەسەر ویلایەتەکانی وڵاتەکەدا دابەش بوون.

بەپێی زانیارییەکان، یەدەگی بانکەکە بەر لە شەڕی ناوخۆیی سوپا و هێزی رووبەڕووبوونەوەی خێرا، ملیارێک و 500 ملیۆن دۆلار بووە، کە 400 ملیۆن دۆلاری نەختینە و 260 ملیۆن دۆلاریش یەدەگی زێڕ بووە، 857 ملیۆن دۆلاریشی لەلایەن سندووقی نەختینەنەوە بلۆککراوە.

پۆلیسی وڵاتەکەش دەڵێت، ئەو دیمەنەی لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان بڵاوکراوەتەوە کۆنە و سووتانی یەکێک لە لقەکانی بانکەکەیە.

ئەمە لە کاتێکدایە، لە چەند رۆژی رابردوودا چەند بانکێک لە سوودان شکێندراو و بەتاڵان بردراوە، لە دیارترینیان بانکی جەزیرەی سوودانی ئوردنی و چەند لقێکی بانکی خەرتووم.