رووماڵ

سبەی یەکەمین کۆنفرانسی زانستیی نێودەوڵەتی جینۆسایدی کوردی فەیلی بەڕێوەدەچێت

کوردستان24 سپۆنسەری میدیایی کۆنفراسەکە دەکات

عەلی فەیلی
عەلی فەیلی

K24 - هەولێر:

بڕیاره‌ سبه‌ی سێشه‌ممه‌ (2ـی ئایاری 2023) لەژێر چاودێری سه‌رۆك بارزانی و بە سەرپەرشتی بارەگای بارزانی، "کۆنفرانسی زانستیی نێودەوڵەتی جینۆسایدی گەلی کوردستان، جینۆسایدی کوردی فەیلی" بۆ سێ رۆژ بە سپۆنسەری میدیایی کوردستان24 و بە هاوبەشی زانکۆکانی سەڵاحەددین – هەولێر و دهۆک و سۆران بەڕێوەدەچێت، لە چەندین پانێڵدا پرس و مافەکانی کوردانی فەیلی گفتوگۆیان لەبارەوە دەکرێت.

له‌وباره‌یه‌وه‌ عه‌لی فه‌یلی، راوێژكار له‌ باره‌گای بارزانی له‌ په‌خشی راسته‌وخۆی كوردستان24 به‌شدار بوو و باسی له‌ گرینگی كۆنفرانسه‌كه‌ كرد و رایگه‌یاند، ئه‌م كۆنفرانسه‌ بۆ خستنه‌ڕووی ناساندنی تاوانی جینۆسایدی كورده‌ فه‌یلییه‌كانه‌ له‌لایه‌ن رژێمی پێشوی عێراق له‌ ساڵی 1980، وه‌ك یه‌كه‌م هه‌ڵمه‌تی رژێم بۆ له‌ناوبردنی كورد كه‌ به‌ جینۆسایدكردنی كوردی فه‌یلی ده‌ستیپێكرد و بۆ تۆڵه‌كردنه‌وه‌ بوو له‌ رووحیه‌تی كوردبوونیان و به‌شداری كارایان له‌ كوردایه‌تی و شۆڕشی ئه‌یلوول.

عه‌لی فه‌یلی له‌ به‌شێكی قسه‌كانیدا سوپاسی سه‌رۆك بارزانی و مه‌سرور بارزانی، سه‌رۆكی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستانی كرد له‌ پشتوانیكردنیان له‌و كۆنفراسه‌، كه‌ یه‌كه‌مین جاره‌ دوای تێپه‌ڕبوونی 43 ساڵ به‌سه‌ر ئه‌م تاوانه‌، كۆنفراسنێكی زانستی له‌وباره‌یه‌وه‌ ده‌به‌سترێت.

هەروەها فەیلی، تیشكی خسته‌ سه‌ر ئه‌وه‌ی كه‌ له‌لایه‌ن حكومه‌تی عێراقه‌وه‌ هیچ بۆ كوردی فه‌یلی نه‌كراوه‌ و قه‌ره‌بوو نه‌كراونه‌ته‌وه‌ سه‌ره‌ڕای ئه‌وه‌ی ئه‌نجوومه‌نی نوێنه‌رانی عێراق و دادگای باڵای تاوانه‌كانی عێراق له‌ناوبردنی كوردی فه‌یلییان به‌ جینۆساید ناساندووه‌.

عه‌لی فه‌یلی ئاماژه‌ی به‌وه‌ كرد، هه‌وڵ ده‌ده‌ن له‌ رێگه‌ی ئه‌م كۆنفرانسه‌وه‌ كوردی فه‌یلی ناو ماڵی خۆیان رێكبخه‌نه‌وه‌ و ده‌رفه‌تێكه‌ بۆ ناساندنی ئه‌و تاوانه‌ی له‌لایه‌ن رژێمی عێراقه‌وه‌ به‌رامبه‌ریان كراوه‌.

رژێمی عێراق له‌ (4ـی نیسان/ ئێپڕێڵی 1980) هه‌ڵمه‌تی جینۆساید و پاكتاوكردنی كوردانی فه‌یلی له‌ به‌غدا، دیاله‌، كوت، خانه‌قین، گوڵاڵه‌، نوعمانییه‌، مه‌نده‌لی، نه‌فتخانه‌، به‌درە و جه‌سان و چه‌ندین شوێنی دیكه‌ ده‌ستپێكرد و تا ساڵی 1990 بەردەوام بوو، له‌و پڕۆسه‌یه‌دا 600 هه‌زار كوردی فه‌یلی جینۆساید كرد.

هەرچەندە لە ساڵی 2008ـەوە لەلایەن دادگای باڵای تاوانەکانی عێراق و دواتر لە ساڵی 2010 لەلایەن پەرلەمانی عێراق تاوانەکانی رژێمی بەعس بەرامبەر بەکوردانی فەیلی بەجینۆسایدناسێنراوە، بەڵام تاوەکوو ئێستا بەشێکی زۆری کوردانی فەیلی مافی هاووڵاتیی بوون و قەرەبوو نەکراونەتەوە.