سەندیکای پزیشکانی سوودان بۆ کوردستان24: تا ئێستا بەهۆی جەنگەوە 436 هاووڵاتی سڤیل گیانیان لەدەستداوە

هاووڵاتییەک لە سوودان سەیری شەڕ و پێکدادانەکانی نێوان سوپای وڵاتەکەی و هێزەکانی پشتیوانی خیرا دەکات | وێنە: Marwan Ali / AP
هاووڵاتییەک لە سوودان سەیری شەڕ و پێکدادانەکانی نێوان سوپای وڵاتەکەی و هێزەکانی پشتیوانی خیرا دەکات | وێنە: Marwan Ali / AP

K24 - هەولێر:

سەندیکای پزیشکانی سوودان بۆ کوردستان24 ئاشکرای دەکات، تا ئێستا بەهۆی جەنگی نێوخۆیی سوودانەوە 436 هاووڵاتیی سڤیل کوژراون و زیاتر لە دوو هەزار هاووڵاتیی دیکەش بریندارن.

ئەمڕۆ سێشەممە 2ـی ئایاری 2023، دکتۆر عەتییە عەبدوڵڵا، سکرتێری گشتیی سەندیکای پزیشکانی سوودان لەڕێگەی پەیوەندیی تەلەفۆنییەوە بە کوردستان24ـی راگەیاند: "بەگوێرەی ئەو ئامارانەی لەبەردەستماندان، تا ئەمڕۆ 436 هاووڵاتیی سڤیل بەهۆی شەڕ و ئاڵۆزییەکانی سوودانەوە گیانیان لەدەستداوە و دوو هەزار و 175 هاووڵاتیی دیکەش بریندارن، برینی بەشێکیان سەختە".

دکتۆر عەتییە عەبدوڵڵا ئاماژەی بەوەشکرد، سەرەڕای راگەیاندنی ئاگربەست بۆ ماوەی سێ رۆژی دیکە، بەڵام شەڕ و پێکدادانەکان لەنێوان سوپای سوودان و هێزەکانی پشتیوانی خێرا بەردەوامن، ئەمەش وایکردووە بەردەوام ژمارەی قوربانیان بەرزببێتەوە.

سکرتێری گشتیی سەندیکای پزیشکانی سوودان روونیشیکردەوە، 69%ـی نەخۆشخانە و بنکە تەندروستییەکانی ئەو وڵاتە بۆردوومانکراون و لە خزمەتگوزاری پزیشکی دابڕاون و داخراون، "بەشێکی زۆری بریندارەکان بەهۆی نەبوونی دەرمان و پێداویستیی پزیشکییەوە گیانیان لەدەستداوە".

ئەمە لە کاتێکدایە رۆژی دووشەممە 1ـی ئایاری 2023، فیلیپۆ گراندی، کۆمیساری باڵای پەنابەرانی نەتەوە یەکگرتووەکان لە هەژماری تایبەتی خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتی تویتەر ئاماژەی بەوەکرد، "UNHCR و حکومەتەکان و هاوبەشەکانی ئامادەن بۆ ئەگەری هەڵاتنی زیاتر لە 800 هەزار کەس لە سوودان بەرەو وڵاتانی دراوسێ".

گراندی جەختیشی لەوە کردەوە،  ئاواتەخواز نییە ژمارەکان بگەنە ئەم ئاستە، "ئەگەر توندوتیژییەکان نەوەستن، دەبینین خەڵکی زیاتر ناچار دەبن لە سوودان هەڵبێن لە پێناو پاراستنی ئاسایشی خۆیان".

هاوکات رۆژی هەینی 28ـی نیسانی 2023، نەتەوەیەکگرتووەکان، ئاشکرای کرد، زیاتر لە 50 هەزار کەس لە سوودان هەڵاتوون کە زۆربەیان پەنابەری وڵاتانی دیکە بوون، بۆ گەڕان بەدوای شوێنێکی ئارامدا، ئەمەش دوای چڕبوونەوەی شەڕەکەی نێوان هەردوولا، کە لە ناوەڕاستی مانگی نیساندا روویدا.

دوێنێ دووشەممە 1ـی ئایاری 2023، فەتح رەحمان محیەددین، فه‌رمانده‌ی پێشووی هێزه‌ ده‌ریاییه‌كانی سوودان، لەم پەیوەندییەکی تەلەفۆنیدا بە کوردستان24ــی راگەیاند، ئەوەی ئێستا رودەدات هێزەکانی پاڵپشتی خێرا دەیانەوێت دۆخەکە بقۆزنەوە و کۆنتڕۆلی سوپای سوودان بکەن لە بری ئەوەی ببەن پاڵپشتی سوپای سوودان و دەشڵێت: "پێویستبوو هێزی پشتیوانی خێرا هێزی پاڵپشت بێت بۆ سوپای سوودان، بەڵام ئەم هێزانە ویستویانە سوپایەکی دیکە دروستبکەن".

فەتح رەحمان محیەددین ، راشیگەیاند، هێزەکانی پشتیوانی خێرا یاخیبوونە و لە یاسا دەرچوونە و  بوونەتە سوپایەکی هاوتەریب لەگەل سووپای سودان ئەمە هۆکاری کێشە و ئاڵۆزییەکانە.

رۆژی شەممە 29ـی نیسانی 2023، عەمید نەبیل عەبدوڵڵا، گوتەبێژی سوپای سوودان لەڕێگەی پەیوەندییەکی تەلەفۆنییەوە بە کوردستان24ـی راگەیاند، هەموو جۆرە گفتوگۆیەک لەگەڵ هێزەکانی پشتیوانی خێرا رەتدەکەنەوە، "چونکە ئەوەی هێزەکانی پشتیوانی خێرا دەیکەن، کودەتایە دژ بە سوپا و پێویستە سزا بدرێن".

لەبارەی ئەگەری ئەنجامدانی دانوستاندن لەگەڵ هێزەکانی پشتیوانی خێرا، گوتەبێژی سوپای سوودان بە کوردستان24ـی گوت، "تا ئەو کاتەی هێزەکانی پشتیوانی خێرا چەکەکانیان دانەنێن، هیچ جۆرە گفتوگۆیەکیان لەگەڵدا ناکەین. بڕیارەکە بەدەست خۆیانە، با بێن چەکەکانیان رادەست بکەن و بە شێوەیەکی ئاشتییانە گفوگۆ بکەین، یان با بەردەوام بن لە شەڕکردن، ئێمەش بە هێز کێشەکە یەکلادەکەینەوە، هەرچەندە پێشمان ناخۆشە".

لە بەیانی 15ی نیسانی 2023، لە خەرتووم پایتەختی سوودان و چەندین شاری دیکە پێکدادان لەنێوان سوپای سوودان و هێزەکانی پشتیوانی خێرا سەریهەڵدا.

ئەو ناکۆکییانەی لە چەند مانگی رابردوودا دەربارەی چاکسازی سەربازیی لە ئارادابوون و تییادا پێشنیاز کرابوو هێزەکانی پشتیوانی خێرا "بەتەواوی ببێتە بەشێک لە سوپا" گۆڕا بۆ پێکدادان.

Fly Erbil Advertisment