رووماڵ

مەندەلاوی: رژێمی پێشوو دیموگرافیای ناوچەکانی کوردانی فەیلیی گۆڕیوە

موحسن مەندەلاوی، جێگری یەکەمی سەرۆکی پەرلەمانی عێراق
موحسن مەندەلاوی، جێگری یەکەمی سەرۆکی پەرلەمانی عێراق

K24 - هەولێر:

جێگری یەکەمی سەرۆکی پەرلەمانی عێراق کە هاوکات کوردێکی فەیلییە دەڵێت، رژێمی پێشووی عێراق دیموگرافیای ناوچەکانی کوردانی فەیلیی گۆڕیوە و دەستی بەسەر سامانەکەیاندا گرتووە.

ئەمڕۆ سێشەممە 2ـی ئایاری 2023، لە میانی بەڕێوەچوونی کۆنفرانسی نێودەوڵەتی زانستی تایبەت بە جینۆساید ناساندنی کوردانی فەیلی لە هەولێر، موحسن مەندەلاوی، جێگری یەکەمی سەرۆکی پەرلەمانی عێراق لە گوتارێکدا داوای لە کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی کرد ئەو کۆمەڵکوژییانەی دژی کوردانی فەیلی ئەنجام دراون، بە جینۆساید بناسێنێت.

هەر لە گوتارەکەیدا، جێگری یەکەمی سەرۆکی پەرلەمانی عێراق ئاماژەی بەوەکرد، لە نێوان ساڵانی 1980 بۆ 1990 هەزاران خێزانی کوردانی فەیلی ناچارکراون کۆچ بکەن، لە ماڵەکانیان دەرکراون و دەستبەسەر ماڵ و مۆڵکەکانیاندا گیراوە.

مەندەلاوی بە ئاماژەدان بەوەی رژێمی پێشووی عێراق دیموگرافیای ناوچەکانی کوردانی فەیلی گۆڕیوە و دەستی بەسەر زەوییەکاندا گرتووە، هەروەها روونیشیکردوە، هەر لەو ماوەیەدا رەگەزنامەکانیشیان لێ وەرگیراونەتەوە.

هەر لە گوتارەکەیدا، جێگری یەکەمی سەرۆکی پەرلەمانی عێراق داوای لە کابینەی سوودان کرد بەشێوەیەکی دادوەرانە قەرەبووی کوردانی فەیلی بکاتەوە و هەموو ئەو بڕیارانە جێبەجێ بکات کە سەبارەت بە وان دەرچوونە.

هاوکات سەرۆک بارزانی لە گوتارێکدا لەوبارەوە ئاماژەی بەوەکرد، "کوردانی فەیلی رێز و متمانەیەکی زۆریان لەلای بارزانی نەمرەوە هەبوو، بەهۆی ئەو دڵسۆزی و ئینتمایەی بۆ کارەکانیان هەبوو. کوردانی فەیلی تووشی ئازار و کارەساتی زۆر بوونەتەوە. رژێمی پێشوو بە چەندین رێگە هەوڵیدەدا کوردانی فەیلی دەست لە هەڵوێستە نیشتمانییەکانیان هەڵگرن، بەڵام هەموو ئەو هەوڵانە شکستییان هێنا، هەر بۆیە پەنایان بردە بەر رێگەی دڕندانە، لەوانەش راگواستنی زۆرەملێ، بە تۆمەتی ئەوەی بیانین، هەروەها دەست بەسەر سەروەت و سامانەکانیان داگیرا. تائێستا 12 هەزار گەنجی فەیلی کە تەمەنیان لەنێوان 18 بۆ 30 ساڵدا بوو بەشێوەیەکی دڕندانە لەناوبران، تائێستا کەس نازانێت لە کوێش نێژراون".

لای خۆیەوەی لەتیف رەشید، سەرۆککۆماری عێراق گوتی: "ئەو پرۆسەیەی کۆمەڵکوژی کە دژی کوردانی فەیلی ئەنجامدرا، بەشێک بوو لەو زوڵمەی لەلایەن رژێمی بەعس دژی گەلی کورد ئەنجامدرا، هاوشێوەی کیمیابارانکردنی هەڵەبجە و ئەنفالکردنی بارزانییەکان و وێرانکردنی هەزاران گوندی کوردستان و گۆڕینی دیمۆگرافیای ناوچە کوردستانییەکان".

لەتیف رەشید، لە وتارەکەیدا ئاماژەی بەوەشکردووە: "ئەوەی کە ئازارمان دەدات ئەوەیە زۆربەی وڵاتان وەکو پێویست گرنگیان بەو تاوانانە نەداوە کە دژی گەلی کورد ئەنجامدران، کە دەستدرێژییە بۆ سەر هەموو مافەکانی مرۆڤ، ئەم بێدەنگییە لەوکاتەدا هەڵکردنی گڵۆپی سەوز بوو بۆ رژێمی بەعس، بۆ ئەوەی هەڵمەتە خوێناوییەکانی درێژەپێبدات".