عەدنان موفتی: رژێمی پێشووی عێراق رقێکی تایبەتی لە کوردانی فەیلی هەبوو

K24 - هەولێر:
عەدنان موفتی، ئەندامی ئەنجوومەنی باڵای سیاسی و بەرژەوەندییەکانی یەکێتی نیشتمانی کوردستان رایگەیاند، بەهۆی ئەوەی رۆڵێکی کاریگەریان لە خەباتی گەلی کوردا هەبوو، "رژێمی دیکتاتۆری پێشووی عێراق" رقێکی تایبەتی لە کوردانی فەیلی هەبوو. دەشڵێت: پێویستە حکومەتی عێراق و هەرێمی و کوردستان قەرەبووی کوردانی فەیلی بکەنەوە.
ئەمڕۆ چوارشەممە 3ـی ئایاری 2023، عەدنان موفتی، ئەندامی ئەنجوومەنی باڵای سیاسی و بەرژەوەندییەکانی یەکێتی نیشتمانی کوردستان لە کاتی بەشداریکردنی لە یەکێک لە پانێلەکانی دووەم رۆژی کۆنفرانسی نێودەوڵەتیی زانستیی بە جینۆساید ناساندنی کۆمەڵکوژی کوردانی فەیلی، باسی لەو تاوانانە کرد کە بەرامبەر بە کوردانی فەیلی کراون و دووپاتیکردەوە، رۆڵێکی کاریگەریان لە خەباتی گەلی کوردا هەبووە.
عەدنان موفتی هەر لە کاتی بەشداریکردنی لەو پانێلەدا گوتی، "بەداخەوە چەندین هاوڕێی زۆر نزیکی کوردی فەیلیم لە بەغدا هەبوون، کە لەلایەن رژێمی پێشووی عێراق سێدارەدراون، بێسەروشوێن کراون، کوژراو و دەربەدەر کراون، ئێستاش بەروونی جێگەیان دیارە."
عەدنان موفتی خوازیارە حکومەتی عێراق و هەرێمی کوردستان قەرەبووی ماددی و مەعنەوی کوردانی فەیلی بکەنەوە و ئەو کێشانەی هاتوونەتە پێشیانەوە چارەسەر بکەن. روونیشیکردەوە: جینۆسایدی کوردانی فەیلی تایبەتمەندییەکی دیکەی هەیە بەراورد بەو جینۆسایدانەی بەرامبەر بە گەلی کورد ئەنجام دراون، چونکە کوردانی فەیلی بەهۆی کوردبوون و ئینتیما ئایینیەکەیانەوە جینۆساید کراون.
بەگوتەی عەندنان موفتی "رژێمی دیکتاتۆری پێشووی عێراق" رقێکی تایبەتی لە کوردانی فەیلی هەبوو، "بەهۆی ئەوەی رۆڵێکی کاریگەریان هەبوو لە خەباتی گەلی کوردستان" و بەشێكی زۆریان فەیلی ئەندامی سەرکردایەتی پارتی دیموکراتی کوردستان و یەکێتی نیشتمامی کوردستان بوون و بەشدارییەکی کارایان لە شۆڕشەکانی ئەیلوول و گوڵان هەبووە.
هاوکات دوێنێ سێشەممە 2ـی ئایاری 2023، ئەو ئەندامەی ئەنجوومەنی باڵای سیاسی و بەرژەوەندییەکانی یەکێتی نیشتمانی کوردستان لەمیانی بەشداریکردنی لە بەرنامەی باسی رۆژی کەردستان24 کە ژینۆ محەممەد پێشکەشی دەکات، رایگەیاند، دەبێت هەموو لایەنەکان پێکەوە حکومەتی هەرێمی کوردستان بەهێزتربکەن و رووبەرووی مەترسییەکان ببنەوە. هەروەها دەشڵێت: "دەبێت هەست بە مەترسیەکان بکەین بۆ ئەوەی داکۆکیکار بین لە پاراستنی قەوارەی هەرێمی کوردستان کە هەموومان شانازی پێوەدەکەین".
عەدنان موفتی روونیکردەوە، پارتی و یهكێتی دهبێت هاوكار و پاڵپشتی یهكتر بن و دهبێت بههێزهوه رووبهڕووی ئاڵنگارییهكان ببینهوه و نابێت كێشهكانی ههرێمی كوردستان پشتگوێ بخرێن و رووبهڕووبوونهوهی گهندهڵی كاری زیاتری پێویسته.
هەروەها راشیگەیاند، پێكهوهژیان سیمایهكی جوانی ههرێمی كوردستانه و شانازی بەو پێکەوەژیانە دەکرێت کە لە هەرێمی کوردستاندا هەیە، رق و قینە نییە لەنێوان لایەنەکان و پێکهاتەکاندا نییە بەرامبەر یەکتر.
ئەو ئەندامەی ئەنجوومەنی باڵای سیاسی و بەرژەوەندییەکانی یەکێتی نیشتمانی کوردستان، جەختی لەوەکردەوە، پێویستە دەسەڵاتدارانی کورد هەست بە مەترسی بکەن و بۆ ئەوەی لە واقع تێبگەن، ئێستا مهترسی لهسهر ههرێمی كوردستان كۆتایی نههاتووه و لایەنە سیاسییەکان لە پەیوەندیەکانیان لەگەڵ یەکتردا ناکۆکن، بە تایبەت لەسەر پرسی هەڵبژاردن.
ئەوەشی خستەڕوو، لەهەر چوار پارچەی کوردستان ناحەز زۆرن دژی گەلی کورد و هەوڵی لەناوچوونی کورد دەدەن، بۆیە پێویستە کوردستان بەهێزتر بێت و رووبەروویان بوەستێتەوە، ئەمەش بەهۆی پێکەوەژیان و تەبایی و کۆدەنگییەوە دەکرێت، هەروەها پێویستە هەموولایەک رووبەڕووی ئەو لایەنە ببێتەوە کە دەیەوێت ناکۆکی بخاتە نیوان پێکەوەژیانی پێکهاتەکان و ئایینەکان لە کوردستان.
لە بەشێکی دیکەی قسەکانی سەبارەت بە پرسی بەجینۆسایدناساندنی کۆمەڵکوژی کوردانی فەیلی، عەدنان موفتی، رایگەیاند: "کوردانی فەیلی زوڵمیكی ئێجگار زۆریان لێکرا 20 ساڵ دوای نەمانی دیکتاتۆرییەتیش تا ئێستا کێشەکانیان چارەسەرنەکراوە و قەرەبوونەکراونەتەوە، ئەمڕۆ یادی جینۆسایدی کوردانی فەیلییە دەبێت لەو رۆژە بیر لەوە بکەینەوە چۆن بتوانین قەرەبوویان بکەینەوە و کێشەکانیان چارەسەربکەین".
هەروەها راشیگەیاند: "دەبێت حکومەتی عێراق قەرەبوویان بکاتەوە و حکومەتی هەرێمیش لەوبارەیەوە هاوکاری حکومەتی عێراق بێت".
عەدنان موفتی گوتیشی: "کوردانی فەیلی بەشداری چەندین شۆڕشیان کردووە لە بزووتنەوەی رزگاریخوازی گەلی کورد و لە شۆڕشی ئەیلوول بەشداربوونە، لەلایەن رژێمی بەعس زۆر بە دڕاندانە ئەنفال کران و گەنجەکانیان خراونەتە زیندان و ئاوارەکراون و ماڵیان داگیرکراوە".
ئەو ئەندامەی ئەنجوومەنی باڵای سیاسی و بەرژەوەندییەکانی یەکێتی نیشتمانی کوردستان، ئاماژەی بەوەشکرد، "دەبێت ئیرادەیەک هەبێت بڕیارەکانی ئەنجوومەنی قیادەی سەورە هەڵبوەشێتەوە، هەروەها لەپاش 20 ساڵ لە رووخانی رژێمە بەعس، لە مانگی دووی ئەمساڵدا تازە حکومەتەکەی سوودانی بڕیاریداوە کێشەی کوردانی فەیلی چارەسەربکات".
عەدنان موفتی، ئەوەشی راگەیاند: "پێویستە نوێنەرانی کورد کە لە حکومەتی عێراق هەوڵی وروژاندنی بابەتی جینۆسایدکردنی کوردانی فەیلی بدەن و کێشەکانیان بۆ چارەسەر بکەن".
سەبارەت بە بەشداری کوردانی فەیلی لە هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان، عەدنان موفتی کە پێشتووتر سەرۆکی پەرلەمانی کوردستان بووە، گوتی: "پێویستە گشت لایەنەکان بایەخ بە کوردە فەیلییەکان بدەن و بیانکەنە کاندیدی خۆیان، هەروەها پشتگیریان بکەن و لەناو هەموو لیستەکان بن، ئەگەر کورسی کۆتایان پێ بدرێت واتا جیاکردنەوەیان، بۆیە پێویستە لەخۆیان هەژماری بکەن، پێویستە فەیلییەکان و ئێزدییەکان نوێنەریان هەبێت لە پەرلەمان.
رۆژی سێشەممە 2ـی ئایاری 2023، بە ئامادەبوونی سەرۆک مەسعود بارزانی و نێچیرڤان بارزانی سەرۆکی هەرێمی کوردستان و مەسرور بارزانی سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان و ژمارەیەک لە نوێنەری لایەنە سیاسییەکان و دامودەزگا حکومییەکان، یەکەمین کۆنفرانسی زانستیی نێودەوڵەتی جینۆسایدی کوردانی فەیلی لە هەولێر دەستیپێکرد و ئامانج لەو کۆنفرانسە سێ رۆژییە، بە جینۆساید ناساندنی ئەو کۆمەڵکوژییانەیە کە دژ بە کوردانی فەیلی ئەنجام دراون.