زانایەکی رێکخراوی تەندروستی جیهانی بەهۆی رەفتاری سێکسیەوە دوورخرایەوە

K24- هەولێر
رێکخراوی تەندروستی جیهانی ئەو زانایەی لە پۆستەکەی دوور خستەوە، کە دوو ساڵ لەمەوبەر سەرکردایەتی شاندێکی باڵای رێکخراوەکەی کردبوو بۆ چین تاوەکو لێکۆڵینەوە لە سەرچاوەی پەتای ڤایرۆسی کۆرۆنا بکات، دوورخستنەوەکەی پەیوەندی بە هۆکاری هەڵسوکەوتی نادروستی سێکسی بووە.
رێکخراوی تەندروستی جیهانی رایگەیاند، پیتەر بن موبارەک شارەزای دانیمارکی لە بواری گواستنەوەی نەخۆشی لە ئاژەڵەوە بۆ مرۆڤ، کە سەرۆکایەتی تیمێکی هاوبەشی رێکخراوی تەندروستی جیهانی و زانایانی چینی کردبوو، لە کارەکەی دوورخرایەوە.
مارسیا بۆڵ، گوتەبێژی رێکخراوی تەندروستی جیهانی رایگەیاند: پیتەر بن موبارەک دوای ئاشکراکردنی هەڵسوکەوتی نادروستی سێکسی، رێکارەکانی لە دژ گیرایە بەر، پێشێلکاریەکانیش لە نێوان ساڵانی 2015 بۆ 2017 ئەنجامدراون.
بۆڵ، ئاماژەی بەوەشکردووە، ناتوانرێت لێکۆڵینەوەی تەواو لە تۆمەتەکانی دیکەدا بکرێت، چونکە "قوربانییەکە نەیویستووە بەشداری لە لێکۆڵینەوەکەدا بکات".
لە سەرەتای ساڵی 2021، بن موبارەک سەرکردایەتی تیمێکی نێودەوڵەتی کرد کە لە لایەن رێکخراوی تەندروستی جیهانیەوە پێکهێنرابوو بۆ چین، سەردانی بازاڕی هوانانیان کرد لە شاری ووهان - ئەو شارەی کە یەکەم حاڵەتی بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆنای تێدا دەرکەوت، هەروەها لە نزیکەوە لەگەڵ زانایانی چین کاریان کرد بۆ دیاریکردنی سەرچاوەی ڤایرۆسی کۆرۆنا.
رێکخراوی تەندروستی جیهانی رایگەیاند، کاردەکات بۆ بنبڕکردنی دەستدرێژی سێکسی و هەراسانکردن لە ریزەکانیدا، بەپێی راپۆرتە رۆژنامەوانییەکان، لە ساڵی 2020 دا، لەکاتی بڵاوبوونەوەی ئیبۆلا لە کۆنگۆ، دەستدرێژی سێکسی کراوەتە سەر دەیان ئافرەت.