هێزەکانی پشتیوانی خێرا: سوپای سوودان تەقەی لە باڵیۆزی تورکیا کردووە

ئەرشیف: هێزەکانی پشتیوانی خێرا
ئەرشیف: هێزەکانی پشتیوانی خێرا

K24 - هەولێر

هێزەکانی پشتیوانی خێرا لە سوودان، باڵیۆزی تورکیای بەسەلامەتی لە خەرتومەوە گواستووەتەوە شوێنێکی پارێزراو، ئەمەش دوای ئەوەی ئۆتۆبێلی باڵێۆزی تورکیا درایە بەردەسترێژی گولـلە.

هێزەکانی پشتیوانی خێرا لە تویتێکدا رایگەیاند، "لە هەنگاوێکی ترسناکدا کە پێشێلکردنی ئاشکرای هەموو رێککەوتن و پەیماننامە نێودەوڵەتییەکانە بۆ پاراستنی نێردە دیپلۆماسییەکان، هێزەکانی سوپای سوودان لە خەرتوم تەقەیان لە ئۆتۆمبێلی ئیسماعیل چۆپان ئۆغڵو باڵیۆزی تورکیا کرد".

هێزەکان پشتیوانی خێرا دەشڵێت، "رووداوەکە دوای ئەوە روویداوە کە پێشتر هەماهەنگی لەنێوان هەردوولادا هەبوو سەبارەت بە گواستنەوەی باڵیۆزخانەکە و دەیانزانی باڵەخانەی باڵیۆزخانەکە لەژێر کۆنترۆڵی هێزەکانی سوپادان".

هێزەکانی پشتیوانی خێرا، ئاماژە بەوەشکرد، "توانیویانە باڵیۆز و شاندەکەی بۆ شوێنێکی پارێزراو بگوازنەوە".