پۆلیسی سلێمانی دەستگیرکردنی تۆمەتبارێکی راگەیاند کە بەناوی دامەزراندنەوە پارەی لە هاووڵاتییان وەرگرتووە

K24 - هەولێر:

بەڕێوەبەرایەتی پۆلیسی سلێمانی دەستگیرکردنی تۆمەتبارێکی راگەیاند، کە بەناوی دامەزراندن و زەوی وەرگرتن و زیادکردنی مووچەی کەمئەندامان پارەی لە هاووڵاتییان وەرگرتبوو.

بەڕێوەبەرایەتی پۆلیسی سلێمانی لە راگەیەندراوێکدا ئاشکرای کرد، دوای ئەوەی هاووڵاتییەك لە ڕێگەی پەیجی بەڕێوەبەرایەتی پۆلیسی پارێزگای سلێمانی لە فەیسبووک، زانیاری لەسەر کەسێک گەیاندە ھێزەکانی پۆلیس كە بە فێڵ ‌و بەناوی دامەزراندن‌ و زەوی وەرگرتن ‌و زیادكردنی مووچەی كەمئەندامان، پارە لە هاووڵاتییان دەسەنێت، بەڕێوەبەری پۆلیسی پارێزگای سلێمانی بەشی پۆلیسی نەهێشتنی تاوانی سلێمانی راسپارد كە بەدواداچوونی بەپەلە بۆ دۆزینەوە و دەستگیرکردنی ئەنجام بدەن.

ئاماژەیان بەوەشدا، دوای  بەدواداچوون‌ و لێكۆڵینەوەكان ‌و وەرگرتنی بڕیاری دادوەر، توانرا تۆمەتبار بدۆزرێتەوە و لەلایەن مەفرەزەكانی بەشی پۆلیسی نەهێشتنی تاوان دەستگیربكرێت.

پۆلیسی سلێمانی راشیگەیاند، لەکاتی دەستگیرکردنیدا و لە ماڵی تۆمەتباردا دەستگیرا بەسەر ژمارەیەکی زۆر پێناسی باری شارستانیی و زانیاری كەسی.

بە گوێرەی راگەیەندراوەکەی پۆلیسی سلێمانی، لە ئێستادا تۆمەتبار (م،ح،ح  لەدایكبووی 1969) بەبڕیاری دادوەرو بەپێی ماددەی 312 لەیاسای سزادانی عیراقی راگیراوە.

بەڕێوەبەرایەتی پۆلیسی سلێمانی دەڵێت: "تۆمه‌تباری‌ ناوبراو له‌دوای‌ ده‌ستگیركردنی‌ چه‌ند سكاڵایه‌كی‌ له‌سه‌ر تۆماركراوه"‌، داواش لە ھاووڵاتییان دەكەن کە هەر كەسێك بەناوی دامەزراندن ‌و زەوی وەرگرتن ‌و زیادكردنی مووچەی كەمئەندامانەوە فێڵی لێکراوە و پارەی لێسەندراوە، سەردانی بەشی پۆلیسی نەهێشتنی تاوانی سلێمانی بكات بەمەبەستی تۆماركردنی سكاڵای یاسایی.