لە سعوودیە کەسێک ئۆتۆمبێلێکی بە ژنێک و دوو منداڵەوە دزی
K24- هەولێر
دەساڵاتدارانی سعوودیە دەستگیرکردنی هاووڵاتییەکیان راگەیاند، کە ئۆتۆمبێلێکی دزیوە کە ژنێک و دوو منداڵی بچووکی تێدابووە و لە ئەنجامدا منداڵەکان برینداربوونە و بۆ چارەسەرکردن گەیەندراونەتە نەخۆشخانە.
پۆلیسی مەککەی موکەڕەمە رایگەیاند، هێزی تایبەتی ئاسایشی رێگاوبان لە پارێزگای خولەیس بەهۆی دزینی ئۆتۆمبێلێک هاووڵاتییەکیان دەستگیرکردووە.
ئاسایشی گشتی سعوودیە لە تویتەر رایگەیاندووە، لە کاتی دزینی ئۆتۆمبێلەکە لەلایەن ئەو کەسەوە، ئۆتۆمبێلەکە دایکێک و دوو منداڵی تێدابووە، لە کاتی لێخوڕینیدا هەرسێکیان دەکەونە خوارەوە و بە سوکی برینداردەبن.
رۆژنامەی "ئەلمەرسەد"ی سعوودی، سەبارەت بە رووداوەکە روونیکردەوە، پیاوێک و هاوسەرەکەی و دوو منداڵەکەیان بە ئۆتۆمبێلەکەیانەوە دەگەڕانەوە ماڵەوە، پێش ئەوەی بگاتە ماڵەوە، پیاوەکە لە تەنیشت دوکانێکەوە وەستا بۆ کڕینی هەندێک پێداویستی، دواتر ئۆتۆمبێلەکەی بەجێهێشت و هاوسەرەکەی و دوو منداڵەکەی لەناوەوە بوو.
کاتێک تۆمەتبارەکە چووەتە ناو ئۆتۆمبێلەکەوە و ویستویەتی بیدزێت ژنەکە سەری سوڕماوە، بۆیە دەرگای ئۆتۆمبێلەکەی کردەوە بۆ ئەوەی لەگەڵ دوو منداڵەکەیدا رابکات.
رۆژنامەکە ئاماژەی بەوەشداوە "ئەو تۆمەتبارە بە خێراییەکی زۆر ئۆتۆمبێلەکەی لێخوڕیوە، لەگەڵ ژنەکەیدا لەسەر رێگاکە بۆ مەودای نیو کیلۆمەتر رۆیشتووە، دوای ئەوەی عەبایەکەی بە دەرگای پێشەوەی ئۆتۆمبێلەکەوە لکاوە، و منداڵێکیشی لەدەستدا بووە دواتر منداڵەکە قۆڵێکی شکا، منداڵەکەی دیکەش لە ئۆتۆمبێلەکەی کەوتە خوارەوە و بەسووکی بریندار بوو.