"دوای کۆبوونەوەی سەرۆکی حکومەت و جێگرەکەی، پارتی و یەکێتی کۆدەبنەوە"

لۆگۆی پارتی و یه‌كێتی
لۆگۆی پارتی و یه‌كێتی

K24 - هەولێر:

هاوار محەممەد، گوتەبێژی بەشی هەڵبژاردنی پارتی، بە کوردستان24ـی راگەیاند، کۆبوونەوەی مه‌سرور بارزانی سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان و قوباد تاڵه‌بانی جێگرەکەی، کەشێکی ئەرێنی بۆ هەردوو بەشی هەڵبژاردنی پارتی و مەکتەبی هەڵبژاردنی یەکێتی رەخساندووە بۆ رێککەوتنی کۆتایی لەسەر پرسی هەڵبژاردن.

هاوار محەممەد راشیگەیاند بۆ ئەم مەبەستە لە چەند رۆژی ئایندەدا هه‌ردوو ده‌زگای هه‌ڵبژاردنی پارتی و یه‌كێتی کۆدەبنەوە و قسە لەسەر دوایین خاڵەکانی پەیوەست بە هەڵبژاردنەکان دەکەن.

ئەمڕۆ دووشەممە (8ـی ئایاری 2023)، مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە نیوەڕۆخوانێکدا پێشوازی لە قوباد تاڵەبانی، جێگری سەرۆکوەزیران کرد و بەگوێرەی راگەیەندراوێکی حکومەتی هەرێمی کوردستان، لە کەشێکی ئەرێنیدا تاوتوێی کێشە و گرفتە دارایی و ئیدارییەکانی بەردەم حکومەتی هەرێم کرا و هەردوولا کۆک بوون لە سەر چارەسەريی گشت کێشەکان بە ڕێگەی گفتوگۆ و هاوکاری نێوان گشت کوتلە وزارییەکانی ناو کابینە.

هەروەها باربارا لیف، یاریده‌ده‌ری وه‌زیری ده‌ره‌وه‌ی ئه‌مه‌ریكا بۆ كاروباری رۆژهه‌ڵاتی ناوەڕاست له‌ تویتێكدا ئاماژه‌ی به‌ گرنگی كۆبوونه‌وه‌كه‌ی سه‌رۆكوه‌زیران مه‌سرور بارزانی و قوباد تاڵه‌بانی جێگری سەرۆکوەزیران كردووه‌ و نووسیوویه‌تی: "ئه‌مه‌ هه‌نگاوێكی گەورەیە". هەروەها بە هاشتاگێک ئاماژەی بە "گفتوگۆ" کردووە وەک جەختکردنەوەی هەڵوێستی واشنتن بۆ چارەسەرکردنی کێشەکان بە گفتوگۆ.

هاوکات، رۆزی كه‌یڤی كونسوڵی گشتی بەریتانیا لە هەولێر رایگەیاند، خۆشحاڵم كه‌ ئه‌مڕۆ بینیم سه‌رۆكوه‌زیران و جێگره‌كه‌ی كۆبوونه‌وه‌، ئه‌مه‌ هه‌نگاوێكی سه‌ره‌تایی گرنگه‌، بۆ پێشكه‌وتن له‌ پرسه‌ سه‌ره‌كییه‌كان له‌ رێگه‌ی گفتوگۆی بنیاتنه‌ر.