بێگەرد تاڵەبانی: ئەمڕۆ بڕیار لەبارەی گەڕانەوەی تیمی وەزاری یەکێتی دەدرێت
K24 - هەولێر:
ئەندامێکی سەرکردایەتی یەکێتی نیشتمانی کوردستان رایدەگەیەنێت، ئەمڕۆ بافڵ تاڵەبانی لەگەڵ مەکتەبی سیاسی یەکێتی و تیمی وەزاری یەکێتی کۆدەبێتەوە و لە کۆبوونەوەکەدا بڕیار لەبارەی گەڕانەوەی تیمی وەزاری یەکێتی بۆ کۆبوونەوەکانی ئەنجومەنی وەزیران دەدرێت.
رۆژی سێشەممە 9ـی نیسانی 2023، بێگەرد تاڵەبانی، وەزیری کشتوکاڵ و سەرچاوەکانی ئاوی حکومەتی هەرێی کوردستان و ئەندامی سەرکردایەتی یەکێتی نیشتمانی کوردستان لەبارەی کۆبوونەوەی رۆژی دووشەممەی نێوان سەرۆکوەزیران مەسرور بارزانی و جێگرەکەی قوباد تاڵەبانی، ئاساییبوونەوەی پەیوەندییەکانی نێوان پارتی و یەکێتی و گەڕانەوەی تیمی حزبەکەی بۆ کۆبوونەوەکانی ئەنجوومەنی وەزیران؛ میوانی بووڵتەنی کاتژمێر 12:00ـی کوردستان24 بوو، کە گوڵباخ بەهرامی پێشکەشی کرد.
گەڕانەوەی تیمی وەزاری یەکێتی بۆ کۆبوونەوەکانی ئەنجوومەنی وەزیران
لەبارەی گەڕانەوەی تیمی وەزاری یەکێتی بۆ کۆبوونەوەکانی ئەنجوومەنی وەزیران، ئەو ئەندامەی سەرکردایەتی یەکێتی ئاماژەی بەوەکرد، ئەمڕۆ سێشەممە تیمی وەزاری یەکێتی کۆبوونەوەیەکی "لەگەڵ بافڵ باڵەبانی، سەرۆکی یەکێتی و قوباد تاڵەبانی، جێگری سەرۆکوەزیران هەیە" بە مەبەستی تاوتوێکردنی ئەنجامی کۆبوونەوەکەی رۆژی دووشەممەی نێوان سەرۆکوەزیران مەسرور بارزانی و قوباد تاڵەبانی، جێگری سەرۆکوەزیران.
وەکو ئەوەی بێگەرد تاڵەبانی باسی دەکات، لەو کۆبوونەوەیەدا، قوباد تاڵەبانی، سەرۆکی تیمی یەكێتی "بەرچاوڕوونی پێویست دەدات بۆ ئەو هەنگاوانەی کە پێویستن لە ماوەی چەند رۆژی داهاتوودا بیانگرینەبەر". دەشڵێت: دڵنیاشم کۆبوونەوە لەنێوان تیمی هەردوولا (پارتی و یەکێتی) دەبێت، بۆ ئەوەی کۆبوونەوەی رۆژی دووشەممە 'بۆ بواری پراکتیکی تەرجوومە بکرێت'، دوای ئەوەی هەردوو تیم دەگەنە رێککەوتن، تیمی یەکێتی بڕیاری پێویست لەبارەی گەڕانەوەی بۆ کۆبوونەوەکانی ئەنجوومەنی وەزیران دەدات".
ئەو وەزیرەی حکومەتی هەرێمی کوردستان ئاماژەی بەوەشکرد، سەرەڕای ئەوەی بایکۆتی کۆبوونەوەکانی ئەنجوومەنی وەزیرانیان کردبوو، بەڵام وەکو خۆی دەڵێت، سەرجەم وەزیرەکانی یەکێتی، هەر یەکە لە وەزارەتی خۆی، کاری خۆیان کردووە و کاروباری هاووڵاتییانیان بەڕێکردووە و "هیچ گرفتێک لە کاروباری وەزارەتەکانماندا دروست نەبووە".
رای یەکێتی لەبارەی ئەنجامدانی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان
لەبارەی ئەنجامدانی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان؛ بەگوتەی ئەو بەرپرسەی یەکێتی نیشتمانی کوردستان "یەکێتی حزبێکە باوەڕی تەواوەتی بە دیموکراسی هەیە و یەکێک لە بنەما سەرەکییەکانی دیموکراسی بابەتی هەڵبژاردنە، بۆیە یەکێتی نیشتمانی کوردستان هیچ کاتێک نە لە هەڵبژاردن دەترسێت و نە کۆسپ بۆ هەڵبژاردن دروست دەکات، بەڵکوو لەوانەیە تێبینی لەبارەی بەڕێوەچوونی ئەو پڕۆسەیە هەبێت".
بێگەرد تاڵەبانی دەشڵێت، تێبینییەکانیان لەبارەی بەڕێوەچوونی پڕۆسەی هەڵبژرادن، لە خولەکانی پێشووتری پەرلەمانی کوردستانیشدا هەبوونە و "هێندەی من ئاگادارم، بەشێکی زۆری جیاوازەکانی نێوان هەردوو دەزگای هەڵبژاردنی پارتی و یەکێتی چارەسەر کراون و لەیەکگەیشتنی هاوبەش هەیە. چەند خاڵێکی کەم لەنێوان هەردوولادا ماوە، کە لەوانەیە پێویستی بەوەبێت، بگەنە 'روئیای هاوبەش' لەسەر بابەتی هەڵبژاردن، بۆیە ئومێد دەکەین لەماوەی خۆیدا هەڵبژاردن ئەنجام بدرێت".
ئاساییبوونەوەی پەیوەندییەکانی نێوانی پارتی و یەكێتی
بێگەرد تاڵەبانی دەڵێت، لەوانەیە پارتی و یەكێتی دیدی جیاوازیان بۆ "چۆنییەتی بەڕێوەبردن و بەرجەستەکردنی ئەو خواستانەی کە هەمانە، لە چوارچێوەی کاری کابینەی نۆیەمی حکومەتی هەرێمی کورردستاندا هەبێت"، بەڵام وەکو ئەو ئاماژەی پێدەدات، نابێت ئەوجیاوازییانە بگەنە ئاستێک "ئێمە دوژمنایەتی یەکدی بکەین، چونکە کاریگەری زۆر نەرێنی لەسەر پێگەی نەتەوەکەمان دروست دەکات، هەم لەسەر ئاستی عێراق و هەم لەسەر ئاستی نێودەوڵەتیش. بۆیە پێموایە کۆبوونەوەی دوێنێی نێوان سەرۆکوەزیران مەسرور بارزانی و قوباد تاڵەبانی، جێگری سەرۆکوەزیران هەنگاوێکی گرنگە بۆ چارەسەرکردنی ئەو رەخنە، تێبینی و سەرنجانەی تیمی وەزاری یەکێتی هەیەتی".
بەگوتەی وەزیری کشتوکاڵی حکومەتی هەرێمی کوردستان، "تێکچوونی پەیوەندییەکانی پارتی دیموکراتی کوردستان و یەکێتی نیشتمانی کوردستان، رەنگدانەوەیەکی راستەوخۆی لەسەر ژیان و گوزەرانی تاک بە تاکی خەڵکی هەرێمی کوردستان هەیە". ئاماژەی بەوەشکرد، "لەوانەیە هەندێک کەس هەبن بەرژەوەندییان لە تێکچوونی پەیوەندییەکانی نێوان پارتی و یەکێتی هەبێت، بۆیە کاتێک پارتی و یەكیتی دەگەنە جۆرێک لە رێککەوتن بۆ کاری بەیەکەوەیی، ئەو کەسانە لە شێوازی مامەڵەکردن و گەیاندنی ئەو خواستانەی کە هەیانە بە شێوازێک کە لە تێکچوونی پەیوەندییەکاندا دەتوانن سوودی لێ ببینن، ئەو بەرژەوەندییانەیان نامێنێت."
بێگەرد تاڵەبانی بە پێویستی دەزانێت بەرپرسانی پارتی، یەكێتی و گۆڕان درک بەوە بکەن، کە "بەرژەوەندییەکانی خەڵکی هەرێمی کوردستان لە بەیەکەوە کارکردن، هاوپەیمانی راستەقینە، بەرجەستەکردنی ئەو دەسەڵاتانەی هەیانە لە حکومەتی هەرێمی کوردستان و بەدیهێنانی ئەو خواستانەیە لە ئاستی نەتەوەییدا لە چوارچێوەی عێراقی فیدراڵدا"، چونکە وەکو خۆی دەڵێت، لە سەردانەکەی چەند رۆژی رابردوویدا بۆ بەغدا بۆی دەرکەوتووە "پێویستمان بە یەکگرتوویی هەیە، بۆ ئەوەی رووبەڕووی ئەو تەحەدییانە ببینەوە کە رووبەڕوومان دەبنەوە".
کۆبوونەوەی نێوان سەرۆکوەزیران مەسرور بارزانی و قوباد تاڵەبانی
رۆژی دووشەممە 8ـی ئایاری 2023، مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان، پێشوازی لە قوباد تاڵەبانی، جێگری سەرۆکوەزیران کرد.
بە گوێرەی راگەیەندراوێکی حکومەتی هەرێمی کوردستان، هەردوولا لە کەشێکی ئەرێنیدا تاوتوێی کێشە و گرفتە دارایی و ئیدارییەکانی بەردەم حکومەتی هەرێمیان کردووە و کۆک بوون لە سەر چارەسەريی گشت کێشەکان بە ڕێگەی گفتوگۆ و هاوکاری نێوان گشت کوتلە وزارییەکانی ناو کابینە.
بەگوێرەی راگەیەندراوەکە، لە کۆبوونەوەکەدا تيشك خراوەتە سەر دوا دۆخی سیاسیی هەرێم و ناوچەکە و جەخت لە سەر پاراستنی تەبایی و یەکڕیزیی ناوخۆیی کرایەوە، لە پێناو پاراستنی بەرژەوەندییە نیشتیمانی و مافە دەستوورییەکانی هاووڵاتیانی هەرێمی کوردستان
مەسرور بارزانی: لەگەڵ قوباد تاڵەبانی باسمان لە پرسەکانی ناو حکومەت کرد
دوای کۆبوونەوەکە، سەرۆکوەزیران مەسرور بارزانی لە تویتێکدا ئاماژەی بەوەکرد، بۆ نانی نیوەڕۆ میوانداری قوباد تاڵەبانی، جێگری سەرۆکوەزیران کردووە.
لە بەشێکی دیکەی تویتەکەی مەسرور بارزانیدا هاتووە:بە ڕۆحی گفتوگۆی بنیاتنەر و کراوە، باسمان لە پرسەکانی ناو حکومەت کرد و لەسەر ڕێگاکانی هەنگاونان بەرەو پێشەوە ڕێککەوتین.
قوباد تاڵەبانی: لەگەڵ سەرۆکوەزیران مەسرور بارزانی نیوەڕۆخوانێکی خۆش و بەرهەمدارمان هەبوو
لای خۆیەوە قوباد تاڵەبانی، جێگری سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە تۆڕی کۆمەڵایەتی تویتەر پەیامێکی بڵاوکردەوە و ئاماژەی بەوەکرد، "رۆژی دووشەممە نیوەڕۆخوانێکی خۆش و بەرهەمدارمان لەگەڵ سەرۆکوەزیران مەسرور بارزانی هەبوو".
لە تویتەکەی قوباد تاڵەبانیدا هاتووە، "پێکەوە، هاوڕاین لەسەر ئەوەی دەتوانین بەسەر ئالنگارییەکانماندا زاڵ بین، کاربکەین بۆ باشتر خزمەتکردنی هاووڵاتیانمان، بە بەهێزی بمێنینەوە بەرامبەر ئەو مەترسییانەی رووبەڕووی هەرێمی کوردستان دەبنەوە".
ئەمەریکا: كۆبوونهوهی سهرۆكوهزیران مهسرور بارزانی و قوباد تاڵهبانی ههنگاوێكی مهزنه
باربارا لیف، یاریدهدهری وهزیری دهرهوهی ئهمهریكا بۆ كاروباری رۆژههڵاتی نزیك، له تویتێكدا ئاماژهی به گرنگی كۆبوونهوهكهی سهرۆكوهزیران مهسرور بارزانی و قوباد تاڵهبانی جێگری كرد و نووسیوویهتی: "ئهمه ههنگاوێكی مهزنه". هەروەها بە هاشتاگێک ئاماژەی بە "گفتوگۆ" کردووە وەک جەختکردنەوەی هەڵوێستی واشنتن بۆ چارەسەرکردنی کێشەکان بە گفتوگۆ.
هاوکات ئەلینا رۆمانۆوسکی، باڵیۆزی ئەمەریکا لە عێراق لە پەیامێکدا لە تۆڕی کۆمەڵایەتی تویتەر پێشوازی لە کۆبوونەوەی سەرۆکوەزیرانی هەرێـمی کوردستان و جێگرەکەی دەکات و رایدەگەیەنێت، دەستخۆشی لە سەرکردایەتی سەرۆکوەزیران و جێگرەکەی دەکەم کە پێکەوە کاردەکەن بۆ دەستپێکردنی چارەسەرکردنی کێشەکان لەرێگەی گفتوگۆ.
باڵێۆزی ئەمەریکا لە عیراق ئاماژەی بەوەشکردووە، "هەموو وڵات سوود وەردەگرێت کاتێک سەرکردەکانی تیشکدەخەنەسەر پێداویستییەکانی خەڵک. با لەم کۆبوونەوەیەوە هەنگاوی گرنگتر بەرەوە پێشەوە بنێین".
بهریتانیا: كۆبوونهوهی مهسرور بارزانی و قوباد تاڵهبانی ههنگاوێكی گرنگە
كونسوڵخانهی گشتی بهریتانیا لهههولێر، كۆبوونهوهی سهرۆكوهزیران مهسرور بارزانی لهگهڵ جێگرهكهی قوباد تاڵهبانی، بهههنگاوێكی گرنگ ناو دەبات.
له چوارچێوهی تویتێكدا كونسوڵخانهی گشتی بهریتانیا لهههولێر، بۆچوونی رۆزی كهیڤی كونسوڵی گشتی ئهو وڵاتهی بڵاوكردووهتهوه، تێیدا كهیڤ دهڵێت: خۆشحاڵم كه ئهمڕۆ بینیم سهرۆكوهزیران و جێگرهكهی كۆبوونهوه، ئهمه ههنگاوێكی سهرهتایی گرنگه، بۆ پێشكهوتن له پرسه سهرهكییهكان له رێگهی گفتوگۆی بنیاتنهر.
كونسوڵی گشتی بهریتانیا لهههولێر ههروهها گوتیشی: "حكومهتێكی یهكگرتووی ههرێمی كوردستان لهبهرژهوهندی ههموو خهڵكی ههرێمی كوردستانی عێراقه".
هیواش دهخوازێت، كۆبوونهوهی سهرۆك وهزیران و جێگرهكهی سهرهتایهك بێت بۆ پڕۆسهی رێككهوتن و ئاشتهوایی.
هۆڵەندا: کۆبوونەوەی رۆژی دووشەممە زۆر پێویست بوو
کۆنسوڵخانەی گشتیی هۆڵەندا لە هەولێر لە تویتێکدا پێشوازی لە کۆبوونەوەی دوێنێ دووشەممەی نێوان سەرۆکوەزیران مەسرور بارزانی و قوباد تاڵەبانی کرد.
رۆژی سێشەممە 9ـی ئایاری 2023، کۆنسوڵخانەی گشتیی هۆڵەندا لە هەولێر لە تویتێکدا ئاماژەی بەوەکردووە، "لە رۆژی ئەوروپادا، ئەمڕۆ ئاهەنگی یەکێتی ئەوروپا دەگێڕین، کە لە 9ـی ئایاری 1950 دەستیپێکردووە. یەکێتی ئەوروپا ئاسایش و خوشگوزەرانی بەدیدەهێنێت، بەڵام پێویستی بە سازان و گفتوگۆیە. بۆنەیەکی زۆر باشە بۆ ئەوەوی پیرۆزبایی لە سەرۆکوەزیران مەسرور بارزانی و قوباد تاڵەبانی، جێگری سەرۆکوەزیران بکەین بۆ ئەو دیالۆگە زۆر پێویستەی رۆژی دووشەممە ئەنجامیان دا.
"دوای کۆبوونەوەی سەرۆکی حکومەت و جێگرەکەی، پارتی و یەکێتی کۆدەبنەوە"
هاوار محەممەد، گوتەبێژی بەشی هەڵبژاردنی پارتی، بە کوردستان24ـی راگەیاند، کۆبوونەوەی مهسرور بارزانی سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان و قوباد تاڵهبانی جێگرەکەی، کەشێکی ئەرێنی بۆ هەردوو بەشی هەڵبژاردنی پارتی و مەکتەبی هەڵبژاردنی یەکێتی رەخساندووە بۆ رێککەوتنی کۆتایی لەسەر پرسی هەڵبژاردن.
هاوار محەممەد راشیگەیاند بۆ ئەم مەبەستە لە چەند رۆژی ئایندەدا ههردوو دهزگای ههڵبژاردنی پارتی و یهكێتی کۆدەبنەوە و قسە لەسەر دوایین خاڵەکانی پەیوەست بە هەڵبژاردنەکان دەکەن.