بە سەرپەرشتی سەرۆک بارزانی یادگەی نیشتمانیی بارزانی کرایەوە

K24 - هەولێر

بە سەرپەرشتی سەرۆک بارزانی و بە ئامادەبوونی ژمارەیەکی زۆر لە سەرکردە کوردستانی و عێراقی و بیانییەکان یادگەی نیشتمانیی بارزانی لە بارزان کرایەوە.

هەر یەک لە لەتیف رەشید سەرۆککۆماری عێراق، محەممەد شیاع سوودانی سەرۆکوەزیرانی عێراق، محەممەد حەلبووسی سەرۆکی پەرلەمانی عێراق، جینین هێنیس پلاسخارت نوێنەری تایبەتی سکرتێری گشتیی نەتەوە یەکگرتووەکان لە عێراق، عەمار حەکیم، سەرۆکی رەوتی حیکمەی نیشتمانی، نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان، مەسرور بارزانی سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان، رێواز فایەق سەرۆکی هەرێمی کوردستان، قوباد تاڵەبانی جێگری سەرۆکی حکومەتی هەرێم و ژمارەیەکی دیکە لە کەسایەتی سیاسی و نوێنەری وڵاتان ئامادەی رێوڕەسمەکە بوون، تێدا چەندین وتار پێشکەشکران کە باسیان لە رۆڵی کاریگەری مەلا مستەفا بارزانی کرد لە بزووتنەوەی رزگاریخوازی گەلی کورد و لە کوردستان و عێراق و ناوچەکە بە گشتی.

سەرۆک بارزانی لە گوتارەکەیدا کورتەیەکی لە مێژووی بارزانییەکان خستەڕوو و تێیدا باسی لەوەکرد، زۆر لەسەر بارزان نووسراوە و وتراوە، ناحەزانیش نووسیویانە و راستییەکانیان شێواندووە، بەڵام لە ئەرشیفی زۆرێك لە دەوڵەتان دەرکەوت، ئەوەی لە بارزان سەریهەڵدا، بزووتنەوەیەکی رزگاریخوازی دیموکراتخواز بووە و کاریگەرییەکی گەورەشی هەبووە.

هەروەها لەتیف رەشید سەرۆککۆماری عێراق، لە وتەیەکدا لەو رێوڕەسمەدا گوتی: " خۆشحاڵم لەم مەراسیمە گرنگەدا لەگەڵتان بم بۆ کردنەوەی مۆزەخانەی سەرکردەی مەزن جەنابی مەلا مستەفا بارزانی، لە ناخی دڵەوە دەستخۆشی لەو کەسانە دەکەم کە ئەو دامەزراوەیان هێناوەتە بەرهەم، بۆ بەرز راگرتنی یادەوەری جەنابی بارزانی. مێژووی گەلەکەمان پڕە لە سەروەری و شکۆمەندی بە درێژایی خەباتی نەتەوایەتیمان کەسایەتی زۆر گەورە و خاوەن کاریزما هاتوونەتە مەیدانی تێکۆشان و کوردایەتی، کە بە فەزڵی ئەوان رێڕەوی خەبات و کوردایەتی بەردەوام بوو، بۆ بەدیهێنانی مافە رەواکانی گەلەکەمان، بۆیە شانازی بەو سەرکردە مەزنانەوە دەکەین، کە ژیانی خۆیان بۆ خزمەتی گەلەکەیان تەرخانکرد".

لە بەشێکی دیکەی رێوڕەسمەکەدا محەممەد شیاع سوودانی، سەرۆکوەزیرانی عێراق وتارێکی پێشکەش کرد و رایگەیاند: "هەموو پێکهاتەکانی هەرێمی کوردستان رووبەڕووی داگیرکاری و تاوانەکانی رژێمی بەعس بوونەتەوە و سەلماندیان گەلی عێراق بە هەموو پێکهاتەکانیەوە، گەلێکە رازی نابێت بە زەلیل بوون و ستەم قبوڵ ناکەن".

هەر لەو رێوڕەسمەدا، عەمار حەکیم سەرۆکی رەوتی حیکمەی نیشتمانی لە وتارەکەیدا رایگەیاند: "کردنەوەی ئەو جۆرە مۆزەخانانە دەبێتە وانەیەک لە رابردوو بە هەموو هەڵوێستەکان و هەلەکانەوە، کە یارمەتی گەلەکانمان دەدات کە دیدگایەکی جیاوازیان هەبێت لە بەرەو پێشبردنی وڵاتەکەمان، بەتایبەتی مێژووی ئەوانەی وەکو مەلا مستەفا بارزانی کە کاریگەری گەورەیان هەبووە لەسەر گەل و نیشتمانەکەی هەبووە، هەروەها کۆمەڵێک دەستکەوتی گرنگی هەبووە، بۆیە دەبێ سوودیان لێوەربگرین بۆ ئەوەی شارستانیەتمان پێ بەهێز بکەین".