رووماڵ

ژەنەراڵ ئێرنی ئۆدینۆ: ژیانی مەلا مستەفا نموونەیەکی راستەقینەیە بۆ هەموولایەک

ئێرنی ئۆدینۆ، ژەنەراڵی خانەنشینكراوی سوپای ئەمەریكا
ئێرنی ئۆدینۆ، ژەنەراڵی خانەنشینكراوی سوپای ئەمەریكا

K24 - هەولێر:

ژەنەراڵێکی خانەنشینكراوی سوپای ئەمەریكا کە پێشتر لە عێراق کاریکردووە رایگەیاند، ژیانی مەلا مستەفا نموونەیەکی راستەقینەیە بۆ هەموولایەک چونکە بۆ مەبەستێکی زۆر گەورەی هەوڵیداوە و ئەوەش هەمووانی لەژێر چەترێکدا کۆکردووەتەوە.

ئەمڕۆ پێنجشەممە (11ـی ئایاری 2023)، ئێرنی ئۆدینۆ، ژەنەراڵی خانەنشینكراوی سوپای ئەمەریكا بە کوردستان24ـی راگەیاند، پێویستە ئەمەریکا بەرژوەندییەکانی لەگەڵ هەرێمی کوردستان بپارێزێت و ئەمەریکا و هەرێمی کوردستان بەرژوەندی هاوبەشیان پێکەوە هەیە، من زۆر جار گووتمە ئەو بەرژوەندییە هاوبەشە ناگۆڕدرێت.

لەبارەی بەشداریکردنی لە رێوڕەسمی کردنەوەی یادگەی نیشتمانی بارزانی، ئۆدینۆ گوتی، "شەڕەفمەندم کە ئەمڕۆ لێرەم، ژیانی مەلا مستەفای بارزانی نموونەیە بۆ هەموومان، ئەو بۆ مەبەستێک هەوڵیدا کە زۆر گەورەبوو، ئەوەش شتێکە کە خەڵکی یەکدەخات، کاتێک ئەو خزمەتی دۆسیەیەکی کرد کە زۆر گرنگ بوو، ئەوە هەمووانی کۆکردەوە".

رۆژی (11ـی ئایاری 2023) بە سەرپەرشتی و ئامادەبوونی سەرۆک بارزانی و ئامادەبوونی میوانانی ناوخۆیی و عێراقی و بیانی، رێوڕەسمی کردنەوەی یادگەی نیشتمانی بارزانی بەڕێوەچوو.

لە رێوڕەسمەکەدا، هەریەکە لە سەرۆک بارزانی، سەرۆک کۆماری عێراق و سەرۆکوەزیرانی عێراق و سەرۆکی رەوتی حیکمە گوتاریان پێشکەشکرد و دوو ڤیدیۆی دۆکیومێنتاریش لەبارەی خەباتی بارزانی نەمر و بیرۆکە و دروستکردنی یادگەی نیشتمانی بارزانی پێشکەشکرا و دواتر مۆزەخانەی تایبەت بە وێنە و کەلوپەلەکانی بارزانی نەمر کرایەوە.