هونەرمەند محەممەد قەدری: ئێستاش دەنگم وەک جارانە و چەند بەرهەمێکی نوێم ئامادەیە

K24 - هەولێر:

محەممەد قەدری، ئەو هونەرمەندەی لە ناوەڕاستی حەفتاکانەوە، بە ئاواز و گۆرانییە رەسەنەکانی دەیان بەرهەمی نەمری تۆمار کرد، بە تایبەت ئەو ساڵانەی بەڕێوەبەری ئێزگەی کوردی بوو لە بەغدا و هاوشانی هونەرمەند (عەلی مەردان) گۆرانی (زێنەبێ و ئەی وەی زارا گیان)ـی تۆمار کرد کە دەنگدانەوەیەکی بەرچاوی هەبوو لە نێوخۆی کوردستان و دەرەوەشدا.

محەمەد قەدری لەبارەی بڵاوکردنەوەی بەرهەمی نوێی هونەری، بە کوردستان24ـی راگەیاند: ئێستاش دەنگم وەک جارانە و چەند بەرهەمێکی نوێم ئامادەیە و بە عودەکەم تۆمارم کردووە و بە دوای سپۆنسەردا دەگەڕێم بۆ کلیپ کردنی گۆرانیە نوێیەکانم.

ئەو هونەرمەندە باسی لەوە کرد کە دەیەوێت بەر لەوەی مەرگ رێگەی لێبگرێت جارێکی دیکە بە گۆرانی و ئاوازی عاشقانەوە بگەڕێتەوە باوەشی هونەر، گوتیشی: تەمەنێکە لە گۆرانیگووتن دوورکەومەتەوە و نامەوێت لەو جیهانە جوانەی هونەر داببڕێم، چونکە پێموایە دابڕانم لە هونەر لە مەرگێکی سارد نزیکم دەکاتەوە.

گۆرانی 'ئەی وەی زارا گیان' بە دەنگی محەممەد قەدری لە سەردەمی خۆیدا لەنێو کورد و میللەتانی ناوچەکە هێندە دەنگی دایەوە، بەجۆرێک وەرگێڕدرایە سەر زمانەکانی عەرەبی و تورکی و دواجار هونەرمەند (ئیبراهیم تاتلیساس) لە ئەلبوومێکیدا بە زمانی تورکی ئەو گۆرانیەی گووتەوە و ئاماژەی بۆ ئەوەکرد، لە زمانی کوردییەوە وەرگێڕدراوە.

هونەرمەند محەممەد غەریب قەدری ساڵی 1940 لە پێنجوێن لە دایکبووە، لە گەڕەکی تەیراوەی شاری هەولێر تەمەنی منداڵی بەڕێکردووە و دواتر لەگەڵ خێزانەکەی دەچنە بەغدا.

محەممەد قەدری لە بەغدا ئامادەیی و پەیمانگای هونەرە جوانەکان بەشی میوزیک دەخوێنێت، ئەو یەکێک بووە لەوانەی لە ئێزگەی کوردی لە بەغدا خزمەتێکی زۆری هونەری کوردی کردووە و بەوە ناسراوە کە پەیوەندی لەگەڵ هونەرمەندە کورد و عەرەبەکاندا زۆر باش بووە و جگە لە کورد ئاوازی بۆ هونەرمەندە عەرەبەکان، تورکمان و ئاشورییەکانیش داناوە، هەروەها خاوەنی نزیکەی 450 گۆرانی و ئاوازە.