رووماڵ

ئەلینا رۆمانۆوسکی: چاوەڕێم بەمزووانە سەردانی یادگەی نیشتمانی بارزانی بکەم

ئەلینا رۆمانۆوسکی، باڵیۆزی ئەمەریکا لە عێراق
ئەلینا رۆمانۆوسکی، باڵیۆزی ئەمەریکا لە عێراق

K24 – هەولێر:

باڵیۆزی ئەمەریکا لە عێراق سەرسامی خۆی بە ئامادەبوونی کۆمەڵێک سەرکردەی هەرێمی کوردستان و بەغدا و نێودەوڵەتی لە رێوڕەسمی کردنەوەی یادگەی نیشتمانی بارزانی دەردەبڕێت و هیوا دەخوازێت بەم زووانە سەردانی ئەو یادگە نیشتمانییە بکات و لە نزیکەوە بیبینێت.

ئەمڕۆ هەینی (12ـی ئایاری 2023)، ئەلینا رۆمانۆوسکی، باڵیۆزی ئەمەریکا لە عێراق لە تویتێکدا رایگەیاند، ئامادەبوونی کۆمەڵێک سەرکردەی جۆراوجۆر لە هەرێمی کوردستان و بەغدا و ئاستی نێودەوڵەتی هێمایە بۆ هێزی یەکگرتوویی و پێکەوەژیان.

ئەلینا رۆمانۆوسکی، سوپاسی ئێرڤن هێکس، کونسوڵی گشتی ئەمەریکا لە هەولێر دەکات بۆ نوێنەرایەتیکردنی حکومەتی ئەمەریکا لە بۆنەی کردنەوەی یادگەی نیشتمانی بارزانی.

هەروەها باڵیۆزی ئەمەریکا لە عێراق هیوا دەخوازێت لە داهاتوویەکی نزیکدا سەردانی یادگەی نیشتمانی بارزانی بکات و لە نزیکەوە بیبینێت.

رۆژی (11ـی ئایاری 2023) بە سەرپەرشتی و ئامادەبوونی سەرۆک بارزانی و ئامادەبوونی میوانانی ناوخۆیی و عێراقی و بیانی، رێوڕەسمی کردنەوەی یادگەی نیشتمانی بارزانی بەڕێوەچوو.

لە رێوڕەسمەکەدا، هەریەکە لە سەرۆک بارزانی، سەرۆک کۆماری عێراق و سەرۆکوەزیرانی عێراق و سەرۆکی رەوتی حیکمە گوتاریان پێشکەشکرد و دوو ڤیدیۆی دۆکیومێنتاریش لەبارەی خەباتی بارزانی نەمر و بیرۆکە و دروستکردنی یادگەی نیشتمانی بارزانی پێشکەشکرا و دواتر مۆزەخانەی تایبەت بە وێنە و کەلوپەلەکانی بارزانی نەمر کرایەوە.