زێلێنسکی: لە بەرەی رۆژهەڵات پاشەکشەمان بە هێزەکانی رووسیا کردووە

ڤۆلۆدیمیر زێلێنسکی، سەرۆکی ئۆکرانیا
ڤۆلۆدیمیر زێلێنسکی، سەرۆکی ئۆکرانیا

K24 - هەولێر:

ڤۆلۆدیمیر زێلێنسکی، سەرۆکی ئۆکرانیا رایگەیاند، هێزەکانی وڵاتەکەی لە بەرەی رۆژهەڵاتی ئۆکراینا پاشەکشەی بە هێزەکانی رووسیا کردووە.

زێلێنسکی لە راگەیەندراوێکدا لە هەژماری تایبەتی خۆی لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان، رایگەیاند، کۆبوونەوەی بارەگای فەرماندەیی گشتییان ئەنجامداوە.

بە ئاماژەدان بەوەی کە ئەلێکساندەر سیرسکی، فەرماندەی هێزە وشکانییەکان و هێزەکانی رۆژهەڵاتی ئۆکراینا،  لە کۆبوونەوەکەدا قسەی کردووە، زێلێنسکی گوتی: "ئێمە گوێمان لە راپۆرتی سیرسکی گرت کە تێیدا هاتبوو سەربازانمان وەڵامی دوژمنیان داوەتەوە و تەنانەت پاشەکشەشیان پێکردوون".

زێلێنسکی باسی لەوەش کردووە کە لە کۆبوونەوەکەدا، فەرماندەی هێزەکانی بەرگریی ناوچەکانی تاڤریا، ئۆدێسا و باکووریش لە بارەی دۆخی ئێستای بەرەکانی جەنگ زانیارییان داوە.

ناوبراو ئاماژەی بەوە دا، لە کۆبوونەوەکەدا پێداویستییە سەرەکییەکانی سوپای ئۆکراینایان دیاری کردووە و رایگەیاند: "زانیارییمان پێگەیشتووە کە پیداویستیی تەواو و چەکی پێویست بۆ لیوا تازە دروستکراوەکان تەرخان کراوە".

سەرۆکی ئۆکراینا جەختی لەوە کردەوە کە لە کۆبوونەوەکەدا، ڤالێریی زالوژنیی، سەرۆکی ئەرکانی سوپای ئۆکراینا، ئۆلێکسی رەزینکۆڤ،  وەزیری بەرگریی ئۆکراینا، و وەزیرانی دیکە راپۆرتی گرنگیان خستەڕوو.

ڤۆلۆدیمیر زێلێنسکی ئاماژەی بەوەشدا کە ئەوان پێداچووبەوەیان بە هەموو رێککەوتنە درێژخایەنەکانیشیان سەبارەت بە دابینکردنی تەقەمەنی و مووشەک، کردووە.