نهتهوهیهكگرتووهكان: تا ئێستا 676 کەس له سوودان کوژراون
K24 - هەولێر:
نەتەوەیەکگرتووەکان رایگەیاند، لە سەرەتای سەرھەڵدانی شەڕ و پێکدادانەکانی نێوان سوپای سوودان و ھێزەکانی پشتیوانی خێرا تا ئێستا، 676 کەس کوژراون و پێنج ھەزار و 576ـی دیکەیش برینداربوون، ھەروەھا زیاتر لە 936 ھەزار کەسی دیکەیش ئاوارە بوون.
نووسینگەی نەتەوەیەکگرتووەکان بۆ کاروباری مرۆیی " OCHA" لە راگەیەندراوێکدا ئاماژەی بەوەداوە، لە سەرەتای سەرھەڵدانی شەڕ و پێکدادانەکانی نێوان سوپای سوودان و ھێزەکانی پشتیوانی خێرا کە بۆ یەک مانگ لە خەرتوومی پایتەختی دەورووبەری بەردەوام بوو، 676 کەس کوژراون و پێنج ھەزار و 576 دیکەش برینداربوون.
ھاوکات رێکخراوی کۆچی نێودەوڵەتیی و رێکخراوەی پەنابەرانی سەربە نەتەوەیەکگرتووەکان رایانگەیاندووە، بەھۆی شەڕ و پێکدادانەکانی نێوان سوپای سوودان و ھێزەکانی پشتیوانی خێرا لە 15ـی نیسانی رابردووەوە تا ئا ئێستا، 736 ھەزار و 200 کەس لە ناوخۆی سوودان ئاوارە بوون، ھەروەھا 200 ھەزار کەس ئاوارەی وڵاتانی دراوسێی سوودان بوون.
رۆژی 15ـی نیسانی رابردوو لە خەرتوومی پایتەخت و شارەکانی دیکەی سوودان، پێکدادان لەنێوان سوپای سوودان و ھێزەکانی پشتیوانی خێرا سەریھەڵدا.
ئەو پێکدادانانەیش لە دوای ئەوە ھات کە ماوەی چەند مانگێکە مشتومڕی گەرم لە بارەی ئەو چاکسازییە سەربازییە بەردەوامە کە تیایدا داوا دەکرێت "ھێزەکانی پشتیوانی خێرا بەتەواوی ببنە بەشێک لە سوپا".
ئەمڕۆ یەکشەممە، دووبارە شەڕ و پێکدادان لەنێوان سوپای سوودان و ھێزەکانی پشتیوانی خێرا لە خەرتوومی پایتەخت روویدا کە لە میانیدا چەکی قورس و مامناوەند بەکارھێنرا، ئەمە وێڕای ئەوەی کە ھەردوولا رۆژی پێنجشەممەی رابردوو ئاگربەستیان واژووکرد.
بەپێی ئاگربەستەکە، سوپای سوودان و ھێزەکانی پشتیوانی خێرا پابەندکراون بەوەی دەبێت ئاسانکاریی بکەن بۆ گەیاندنی هاوکارییە مرۆییەکان، دەستپێکردنەوەی خزمەتگوزارییە سەرەتاییەکان، ھەروەھا ھێزەکانیان لە نەخۆشخانە و نۆرینگەکاندا بکشێننەوە و رێگایش بدەن ئەو کەسانەی کە لە شەڕ و پێکدادانەکاندا کوژران، بەرێزەوە بەخاک بسپێردرێن و وادەیەک بۆ ئەنجامدانی گفتوگۆ لەنێویاندا دیاری بکەن.