چین سزای زیندانی هەتاهەتایی بەسەر هاووڵاتییەکی ئەمەریکی دا سەپاند

باڵەخانەی ئەو داگایەی ئەمەریکیەکەی تێدا سزادرا
باڵەخانەی ئەو داگایەی ئەمەریکیەکەی تێدا سزادرا

K24- هەولێر

دادگای چین، بە تۆمەتی سیخوڕی سزای زیندانی هەتاهەتایی بەسەر هاووڵاتییەکی ئەمەریکی تەمەن 78 ساڵاندا سەپاند.

رۆژنامەی نیویۆرک تایمز، بڵاوی کردەوە، دادگایەک لە شاری سوچو لە باشووری رۆژهەڵاتی ئەو وڵاتە، لە راگەیەندراوێکی کورتدا رایگەیاندووە، جون شینگ وان لیونگیان بە تاوانی سیخوڕیکردن سزا داوە و سزای زیندانی هەتاهەتاییان بەسەردا سەپاندووە.

دادگا دەڵێت: لیونگ لە مانگی نیسانی ساڵی 2021 لەلایەن بەرپرسانی ئەمنی وڵاتەوە دەستگیرکراوە، بەڵام هیچ وردەکارییەکی دیکەی لەبارەی تۆمەتەکان نەخستووەتەڕوو، هەروەها دادگا بڕیاریدا دەست بەسەر نزیکەی 70 هەزار دۆلاری لیونگدا بگرێت.

بەگوێرەی راگەیەندراوەکە، لیونگ خاوەنی پاسپۆرتێکی ئەمەریکییە و دانیشتووی هەمیشەیی هۆنگ کۆنگە.

گوتەبێژی باڵیۆزخانەی ئەمەریکا لە پەکین بۆ رۆژنامەی نیویۆرک تایمزی ئاشکراکرد، باڵیۆزخانەکە ئاگاداری ئەو راپۆرتانەن کە پەیوەستن بەو دۆسیەیە، بەڵام بەهۆی پاراستنی تایبەتمەندییەوە رەتیکردەوە هیچ لێدوانێک بدات.

رۆژنامەکە دەشڵێت: زۆرجار دادگاییکردنەکانی پەیوەست بە تۆمەتی سیخوڕی یان بابەتی سیاسیی هەستیاری دیکە لەلایەن دەسەڵاتدارانی چینەوە بە نهێنی داپۆشراو دەمێننەوە، هەروەها رێگری لە خەڵک و میدیاکان دەکەن کە دەستیان بە وردەکارییەکانی ئەو دۆسیانە بگات.