كوردستان24 راسپارده‌یه‌كی كۆبوونه‌وه‌كه‌ی ئه‌مڕۆی نێوان پارتی و یه‌كێتی بڵاوده‌كاته‌وه‌

پارتی و یەکێتی
پارتی و یەکێتی

K24 - هەولێر:

له‌ کۆبوونەوەکەی ئەمڕۆی مەکتەبی سیاسی پارتی و یەکێتی،  بەش و مەکتەبی هەڵبژاردنی هەردوولا راسپێردراون لە دوو رۆژی داهاتوودا کۆببنەوە.

بەگوێره‌ی زانیارییەکانی کوردستان24، لە کۆبوونەوەی ئەمڕۆی مەکتەبی سیاسی پارتی دیموكراتی كوردستان و یەکێتی نیشتمانی كوردستان لە سلێمانی، بڕیاردراوە لەم هەفتەیەدا، بەشی هەڵبژاردنی پارتی و مەکتەبی هەڵبژاردنی یەکێتی لەسەر دوایین گفتوگۆکان و رێککەوتن لەسەر پرسی هەڵبژاردن کۆببنەوە و کۆنووسێک ئامادە بکەن و دواتر کۆنووسەکە لە کۆبوونەوەی داهاتووی هەردوو مەکتەبی سیاسی گفتوگۆی لەبارەوە بکرێت.

ئەمڕۆ شاندی پارتی دیموکراتی کوردستان و یەکێتی نیشتمانی کوردستان لە بارەگای مەکتەبی سایسی یەکێتی لە سلێمانی کۆبوونەوە، دوای کۆبوونەوەکەش راگەیەندراوێکی هاوبەشیان بڵاوکردەوە.

دەقی راگەیەندراوی هاوبەشی پارتی دیموکراتی کوردستان و یەکێتی نیشتمانی کوردستان:

دوای دەستپێشخەریەکەی جەنابی کاک مەسعود بارزانی  کە رۆژی 11 ی 5ی 2023 لە مەراسیمی کردنەوەی یادگەی نیشتمانی بارزانی خستیە ڕوو ، ئەمرۆ  16 ی 5ی 2023  هەردوو مەکتەبی سیاسی یەکێتی و پارتی لە سلێمانی کۆبونەوە .

لەسەرەتای کۆبونەوەکەدا، هەردوولا وێرای بەرزنرخاندنی دەستپێشخەری سەرۆک بارزانی کە لەکاتی پێویستداهات، هەردوو لا هاوڕا بوون کە پێکەوە لەگەڵ لایەنە بەڕێزەکانی  دیکەش  هەنگاوی کرداری بنرێت  بۆ بەپیرەوەچوونی ئەودەستپێشخەرییەو ناوماڵی کوردستانی  ڕێکبخرێتەوە  ولاپەرەیەکی  نوێ لە کۆی پەیوەندیەکان بکرێتەوە.

هەردوو مەکتەبی سیاسی پارتی و یەکێتی دەستخۆشی لە ئەنجومەنی وەزیرانی حکومەتی هەرێمی کوردستان دەکات  بۆ پەسەند کردنی پرۆژەی رێکخستنەوەی دارایی کە پرۆژەى  تێکڕای لایەنەکانی پێکهێنەری کابینەی  نۆیەم و هەردوو مەکتەبی سیاسی  بە تەواوی پشتیوانی  لێ دەکەن.

لە تەوەرێکی دیکەی کۆبونەوەکەدا هەردوو لا پەرۆش و هاوڕا بوون  لەسەر بەهێزکردنی  قەوارەی دەستوریی هەرێمی کوردستان  و پەرەپێدانی  پەلەکردن لە هەنگاوە یاسایی و سیاسیەکان بۆ فەراهەمەکردنی ئەنجامدانی هەڵبژاردنی  پارلەمانی کوردستان  لەوادەی خۆیدا لەمساڵدا.

هەردوولا خوازیاری ئەوەین کە هەموو لایەک هاوکار بن لەبەردەوامی  کەشی برایەتی و کاری پێکەوەیی و نەهێشتنی کەلێنەکانی رابووردوو .

هەردوو لا بڕیارماندا وەک  یەک تیم کار بکەین و  زنجیرەیەک کۆبونەوەی دیکەش  ئەنجامبدرێ  بۆ فەراهەمکردنی کەش و هەوای لەبار لە ڕووی یاسایی و سیاسیەوە بۆ ئەنجامدانی هەڵبژاردن و ڕووبەڕووبونەوەی  ئەو تەحەدیاتانەی لە ناوچەکەدا هەیە .