دژوار فایق: هاووڵاتییانی زیانلێكه‌وتووی سنووری مادده‌ی 140 قەرەبوودەکرێنەوە

دژوار فایق
دژوار فایق

K24 - هەولێر:

نوێنەری هەرێمی کوردستان لە ماددەی 140، رایده‌گه‌یه‌نێت، لە دابینکردنی مافی دانیشتووانی ناوچە کوردستانییەکان، بەردەوام دەبین. جەختی لەوەشکردەوە، هاووڵاتییانی زیانلێكه‌وتووی سنووری مادده‌ی 140 قەرەبوودەکرێنەوە.

دژوار فایق نوێنەری هەرێمی کوردستان لە ماددەی 140، لە میانەی بەشداریکردنی لە ژووری هەواڵی کوردستان24، رایگەیاند، هاووڵاتییانی زیانلێكه‌وتووی سنووری مادده‌ی 140 قەرەبوودەکرێنەوە، پڕۆسه‌كه‌ دەستیپێکردووە، چەکەکانیش ئامادەن، لە بەغدا قەرەبووەکە وەردەگرن.

نوێنەری هەرێمی کوردستان لە ماددەی 140، جەختی لەوەشکردەوە، ئەوانەی قەرەبوویان وەرگرتووە، جارێکی دیکە قەرەبوو وەرناگرنەوە.

دژوار فایق، گوتیشی:"داواکارین له‌و هاووڵاتییانه‌ی کە قەرەبوو دەکرێنەوە،  جارێکی دیکە نیازی گه‌ڕانه‌وه‌یان بۆ ناوچه‌كه‌یان هه‌یه‌، با ئاگادارمان بکه‌نه‌وه‌".

نوێنەری هەرێمی کوردستان لە ماددەی 140، باسی لەوەشکرد، ئۆفیسمان لە هەولێر و بەغدا هەیە، ژمارە تەلەفۆنیشمان بڵاو دەکەینەوە.

دژوار فایق، ئاماژەی بەوەشکرد، ئەو عەرەبانەی کە قەرەبوو کراونەتەوە، دەبێت بگەڕێنەوە ناوچەکانیان، هەروەها ئەو هاووڵاتییە کوردانەش کە زەرەمەند بوونە، دەبێت قەرەبووبکرێنەوە و بگەڕێنەوە شوێنەکانی خۆیان.

سەبارەت بە بڕیاری قیاده‌ی سەورەی رژێمی پێشوو، نوێنەری هەرێمی کوردستان لە ماددەی 140، گوتی: "بڕیار لە لیژنەکەی ئێمە دەرچووە، داواکراوە لە لیژنەی دادوەری، لە وەزارەتی دارایی و کشتوکاڵ، کار به‌و بڕیاره‌ نەکەن".

دژوار فایق، لە بارەی عەرەبی هاوردە کە دوای 16ــی ئۆکتۆبەرەوە هاتوونەتە کەرکووک، گوتی: "ئەو هاووڵاتییە عەرەبانەی دوای 16ــی ئۆکتۆبەر هاتوون، دەبێت بە یاسا و بڕیارەکانی پەرلەمان و حکومەتی عێراق، بگه‌ڕێنه‌وه‌ شوێنەکانی خۆیان".

Fly Erbil Advertisment