ئەمەریکا پاداشتی 10 ملیۆن دۆلار بۆ دەستگیرکردنی هاککەرێکی رووسی تەرخان دەکات
K24- هەولێر
ئەمەریکا پاداشتی 10 ملیۆن دۆلاری بۆ هەر زانیارییەک تەرخان کرد، کە دەبێتە هۆی دەستگیرکردن و سزادانی هاککەرێکی رووسی کە تۆمەتبارە بەوەی لە پشت هێرشەکانی پۆلیس و قوتابخانە و نەخۆشخانەکانی واشنتنەوە بووە.
وەزارەتی دادی ئەمەریکا لە راگەیەندراوێکدا ئاماژەی بەوەکردووە، میخائیل ماتڤیڤ رووسی، تۆمەتبارە بە بەکارهێنانی بەرنامەی ڤایرۆسی، وەک " Lockbit و Babook و Hive"، بۆ هێرشکردنە سەر ئامانجەکانی ئەمەریکا، بە مەبەستی بەدەستهێنانی داراییەکانی قوربانییەکان کە کۆی گشتی 200 ملیۆن دۆلارە.
فیلیپ سێلینگەر، داواکاری گشتیی فیدراڵی نیوجرسی رایگەیاندووە، هاککەرەکە "زانیاری زۆرێک لە قوربانییەکان بە تایبەت نەخۆشخانە و قوتابخانە و کۆمەڵە و یەکەکانی پۆلیس کۆد دەکات"، لەنێویاندا پۆلیسی واشنتن، هەروەها داوای پارە لە خاوەنەکانیان دەکات لە بەرامبەر دەستبەرداربوونی لە زانیاریە کەسییەکان.
وەزارەتەکە ئاماژەی بەوەشکردووە، هاککەرەکە چەندین ناوی ساختەی بەکارهێناوە، لەوانە "وازاواکا، میکس و بۆریسیلسین".
هاککەرەکانی ئینتەرنێت بەرنامەی ڤایرۆس بەکاردەهێنن بۆ چوونە ناو سیستەمی زانیارییە لاوازەکان و کۆدکردن یان دزینی زانیارییەکانیان. دوای ئەوەش هاککەرەکان داوای پارە لەو کەسانە دەکەن کە زانیاریەکانیان کۆد دەکرێن.
وەزارەتی دەرەوەی ئەمەریکا خەڵاتی 10 ملیۆن دۆلاری پێشکەش بە هەر کەسێک کردووە کە زانیاری دەربارەی ئەوکەسە ئاشکرا بکات و ببێتە هۆی دەستگیرکردنی. ئەگەر میخائیل ماتڤیڤ دەستگیر بکرێت و تاوانەکانی بەسەردا سا بێتەوە ئەوە 20 ساڵ زیندانی دەکرێت.