بەریتانیا و هۆڵەندا هەوڵ دەدەن "هاوپەیمانیی نێودەوڵەتی" بۆ پشتیوانیکردن لە ئۆکرانیا دروست بکەن
K24 - هەولێر
بەریتانیا و هۆڵەندا بە مەبەستی زیادکردنی توانای بەرگریی ئاسمانیی ئۆکرانیا، مەشق و راهێنان بە هێزەکانی ئۆکرانیا و دابینکردنی فڕۆکەی جەنگیی جۆری ئێف-16 بۆ ئەو وڵاتە، هەوڵ دەدەن "هاوپەیمانیی نێودەوڵەتی" دروست بکەن.
گوتەبێژێک لە نووسینگەی سەرۆکوەزیرانی بەریتانیا بە میدیاکانی وڵاتەکەی راگەیاندووە، ریشی سوناک، سەرۆکوەزیرانی بەریتانیا و مارک روتە، سەرۆکوەزیرانی هۆڵەندا لە پەراوێزی چوارەم لووتکەی کۆنسەی ئەوروپا لە رێکیاڤیک پایتەختی ئایسلاند کۆبوونەتەوە.
لە میانی کۆبوونەوەکەدا، هەردوولا بەرەنگاربوونەوەی کۆچی نایاسایی، گرنگی پێکەوە کارکردن بەرامبەر ئەو هەڕەشانەی رووسیا دروستی کردوون تاوتوێ کردووە.
ئاماژە بەوەش دراوە، لە کۆبوونەوەکەدا، ریشی سوناک و مارک روتە لەبارەی جەنگی رووسیا و ئۆکرانیاوە دواون و تیایدا هاتووە: "هەردوولا گەیشتوونەتە رێککەوتن بۆ هەوڵدان بۆ دروستکردنی هاوپەیمانی نێودەوڵەتی بە مەبەستی زیادکردنی توانای بەرگریی ئاسمانی ئۆکرانیا، مەشق و راهێنان بە هێزەکانی ئۆکرانیا و دابینکردنی فڕۆکەی جەنگیی جۆری ئێف-16 بۆ ئەو وڵاتە. هەردوولا بە پێویستیان زانیوە بۆ پاراستنی وڵاتانی ئەندام لە ناتۆ، بۆ ماوەی درێژخایەن پشتیوانی لە ئۆکرانیا بکرێت".
ئەمە لە کاتێکدایە رۆژی یەکشەممە 14ـی ئایاری 2023، ڤۆلۆدیمیر زێلێنسکی، سەرۆکی ئۆکرانیا، بەسەردانێکی پێشتر رانەگەیەندراو گەیشتە لەندەن کە لە میانیدا لەگەڵ ریشی سوناک، سەرۆکوەزیرانی بەریتانیا کۆبووەوە.
لەوبارەوە، ڤۆلۆدیمیر زێلێنسکی لە تویتێکدا نووسیبووی "لە لەندەنم-بەریتانیای پێشەنگ، چونکە کارەکە پەیوەیستدار بە فراوانکردنی تواناکانمان لەسەر زەوی و ئاسمان".
راشیگەیاند "ھارکارییەکانمان لەگەڵ بەریتانیا بەردەوامی دەبێت، ئەمڕۆ چاوم بە ھاورێم ریشی سوناک دەکەوێت، رووبەڕوو گفتوگۆیەکی جەوھەریی ئەنجام دەدەین".