هونەرمەند زانیار بەرزنجی بە بەرهەمێکی نوێوە گەڕایەوە نێو کاری هونەری

زانیار بەرزنجی
زانیار بەرزنجی

K24 - هەولێر:

هونەرمەند زانیار بەرزنجی بێدەنگی شکاند و دوای ماوەیەکی دوور و درێژ لە دوورکەوتنەوە لە گۆرانی و بەرهەمی نوێ، بە گۆرانی (نزا) گەڕایەوە نێو باوەشی هونەرەکەی.

گۆرانییەکەی لە تێکستی یەحیا بەرزنجی و دابەشکردنی هونەرمەند بژار دیلانە و گرتەی دیمەنەکانی کلیپەکەش پیران قادر و مۆنتاژی ئارام کەریم و دەرهێنانی نەبەز موکریانییە و لە دەرەوەی کوردستان وێنە گیراوە.

ئەو بەرهەمە هونەرییە بە هاوکاری بەڕێوەبەرایەتی گشتی رۆشنبیری و هونەری هەولێر بەرهەم هاتووە.

زانیار بەرزنجی لەبارەی گۆرانییە نوێیەکەیەوە بۆ کوردستان24ـی دوا و گوتی: دەمێکە لە گۆرانی و ئاوازی نوێ دابڕاوم، بۆیە بڕیاڕمدا لەگەڵ ستافێکی پرۆفیشناڵی هونەری کار بۆ گۆرانی نزا بکەم، کە ساڵانێکە وەک پڕۆژەی نوێ ئامادەم کردووە، بەڵام تۆمارم نەکردبوو.

ئاماژەی بەوەشدا هاوکاری و پاڵپشتی ئەو گرووپە هونەرییە وایلێکردم جارێکی دیکە بگەڕێمەوە باوەشی هونەرەکەم و بەرهەمی نزا پێشکەشی هەوادارانم بکەم.