ئومێد کەمال: سیناریۆی شەش درامای نوێم ئامادەیه

ئومێد کەمال، سیناریست
ئومێد کەمال، سیناریست

K24 - هەولێر:

هونەرمەند و سیناریست ئومێد کەمال ئاشکرایکرد، سیناریۆی شەش درامای نوێی ئامادەیە و ئێستا بەدوای سپۆنسەردا دەگەڕێت بۆ بەرهەمە نوێیەکانی.

ئومێد کەمال لەبارەی نوێترین بەرهەمەکانی بە کوردستان24ـی راگەیاند، ئێستا سەرقاڵی نووسینەوەی چەند سیناریۆیەکی نوێیە بۆ ئەوەی لەگەڵ کەناڵێکی ئاسمانی ڕێکبەکەون تا بچێته بواری وێنەگرتنەوە، لەوانەش درامای مەملەکەتی میران، کە درامایەکی کۆمێدی و ئامانجدارە و بە 45 ئەڵقە کۆتایی دێت و درامای نامەکانی پایز بە 30 ئەڵقە تەواو دەبێت و درامایەکی کۆمەڵایەتیە و گێڕانەوەی گرفتێکی نێو کۆمەڵگەی کوردییە، دوای ئەویش درامای بەختی بێ بەختەکە، کە لە 30 ئەڵقە پێکهاتووە و کۆمێدی و تەنز ئامێزە، هەروەها درامای سۆراغیش کە ئەویش بەهەمان شێوە 30 ئەڵقەیە و درامایەکی تاوانکاری پۆلیسی کۆمەڵایەتییە.

گوتیشی: زۆر مەبەستمە له ئایندەیەکی نزیکدا کار لە سۆراغ بکەم و لە هەوڵدام و گفتوگۆم لەگەڵ هەندێک شوێن کردووە بە هیوام بگەینە ئەنجامێک بۆ بەرهەمهێنان.

ئەو سیناریستە دەڵێت: "پاش ئەوەی بەرهەمە درامییەکانم دەنگدانەوەیەکی بەرچاویان لە نێو خەڵکیدا هەبوو، توانیم لە رێگەی ئەو زنجیرە درامایانەدا جارێکی دیکە بینەر لەگەڵ بەرهەمی کوردی ئاشت بکەمەوە".

ئومێد کەمال پێی وایە بە سپۆنسەر بێت یان کەناڵەکان یان وەزارەتی ڕۆشنبیری پێویستە هاوکاربن بۆ بەرهەمی کوردی تا بینەری ئەوان بێبەش نەبێت لە کاری خۆماڵی، گوتیشی: چەند کارێکی دیکەم نووسیوە و پشت بەخوا ئەگەر تەمەن هاوکاربێت ئەوانیش وەک سیناریۆ دەنوسمەوە لەوانە درامای سێبەری رابردوو کە 30 ئەڵقە لەخۆ دەگرێت لەگەڵ درامای شوکر و سابیر.

ئومێد کەمال لەماوەی چەند ساڵی رابردوودا سیناریۆی دراماکانی (قاقا و مقۆ مقۆ، سەمەرە، ئاسەوار، تازە باو) نووسیوە، دوایین بەرهەمیشی درامای کۆشکی هەنار بووە.